ئێران هه‌ڕه‌شه‌ی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه له ته‌ل ئه‌ڤیڤ ده‌كات
له تویتێكدا له هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له تۆڕی تویته‌ر، ده‌هقان نووسیویه‌تی: "سه‌هیۆنییه‌كان له دوا رۆژه‌كانی ژیانی سیاسیی هاوپه‌یمانه‌كه‌یان "دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا" هه‌وڵ ده‌ده‌ن فشاره‌كانی سه‌ر ئێران زیاتر چڕ بكه‌نه‌وه، به‌ئامانجی هه‌ڵگیرساندنی جه‌نگێكی فراوان".
راوێژكاری خامنه‌یی بۆ كاروباری سه‌ربازی به‌ڵێنیشیدا، "وه‌ڵامی ئێمه بۆ بكوشتنی "شه‌هیدی سته‌ملێكراو" وه‌ك هه‌وره‌برووسكه ده‌بێت و ده‌بێت بكوژان باجی ئه‌و كرده‌وه‌یه بده‌نه‌وه".
پێشتر هه‌رچه‌ند ئاژانسی هه‌واڵی ته‌سنیم ره‌تی كرده‌وه فه‌خری زاده له‌و رووداوه‌دا كوژرابێت، به‌ڵام دواتر له راگه‌یه‌ندراوێكدا وه‌زاره‌تی به‌رگری ئێران كوشتنه‌كه‌ی پشتڕاست كرده‌وه و رایگه‌یاند، به‌هۆی سه‌ختی برینه‌كه‌یه‌وه پزیشكان له هه‌وڵه‌كانیان بۆ رزگاركردنی ژیانی فه‌خری زاده سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون.
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ فه‌خری زاده له ده‌روازه‌ی ناوچه‌ی ئابسه‌رد هه‌ماوه‌ندی شاری تاران له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك چه‌كداره‌وه ده‌ستڕێژی گوللـه‌ی كرایه سه‌ر و به‌و هۆیه‌وه ئه‌و زانایه كوژرا و یه‌كێك له هاوه‌ڵه‌كانیشی بریندار بوو. میدیا نافه‌رمییه‌كانی ئێرانیش بڵاویانكرده‌وه، سێ كه‌سی دیكه له پاسه‌وانانی فه‌خری زاده له‌و رووداوه‌دا كوژراون.
ئاژانسی هه‌واڵی فارس بڵاویشیكرده‌وه، كوژرانی زانا ئه‌تۆمییه‌كه له‌رێگه‌ی ته‌قینه‌وه‌یه‌ك بووه به ئۆتۆمبیله‌كه‌یدا دواتر ته‌قه‌ی لێكراوه و ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌و زانایه بوون، رووبه‌ڕووی هێرشبه‌ران بوونه‌وه و له ئه‌نجامدا جگه له فه‌خری زاده و پاسه‌وانه‌كانی، به‌لایه‌نی كه‌م سێ كه‌س له گروپی هێرشبه‌رانیش كوژران.
میدیا ئێرانییه‌كان ئاماژه‌یان به‌وه‌شداوه، فه‌خری زاده یه‌كێك بوو له زانا پێشكه‌وتووه‌كانی توێژینه‌وه زانستییه‌كان و ناوی له لیستی سزادراوانی نێوده‌وڵه‌تیدا هاتبوو. پێشتریش بنیامین ناتانیاهۆ، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل ناوی ئه‌و زایایه‌ی هێنابوو و میدیا ئیسرائیلییه‌كانیش شكستی هه‌وڵێكی دیكه‌ی كوشتنی ئه‌و زانا ئێرانییه‌یان راگه‌یاندبوو.
لای خۆشیه‌وه حوسێن سه‌لامی، فه‌رمانده‌ی سوپای پاسدارانی ئێران له تویتێكدا له هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له تۆڕی تویته‌ر جه‌ختی كرده‌وه، "تیرۆركردنی زانا ئه‌تۆمییه‌كانمان دیارترین نموونه‌یه بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی دژوار، كه رژێمی هه‌ژموونكاری موماره‌سه‌ی ده‌كات بۆ رێگریكردنمان له گه‌یشتن به زانستی سه‌رده‌میانه".
k24 -
