لە هێرشێکی ئیسرائیلدا بۆ سەر سووریا ١٩ چەکداری سەر بە ئێران کوژران

لە هێرشێکی ئیسرائیلدا بۆ سەر سووریا ١٩ چەکداری سەر بە ئێران کوژران

ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاشکرای کردووە لە هێرشێکی دیکەی ئیسرائیلدا بۆ سەر پارێزگای دەیرەلزوور لە ڕۆژهەڵاتی سووریا، لانیکەم ١٩ میلیشیای سەر بە ئێران کوژراون.

ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ کە بارەگاکەی لە بەریتانیایە، لەمبارەوە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردووەتەوە ئەو هێرشەی ئاسمانییەی ئیسرائیل بۆ سەر بنکەیەکی سەربازیی میلیشیا شیعەکانی سەر بە ئێران بووە لە دەرەوەی "ئەلبوکەمال" لە پارێزگای دەیرەلزوور کە لە ئەنجامدا ١٩ میلیشیای زەینەبیوونی پاکستانی کە ئێران پشتیوانییان دەکات کوژراون.

بەپێی هەمان سەرچاوە ئەو هێرشە کە ڕۆژی پێنجشەممە ڕووی داوە، تەلەفزیۆنی فەرمیی حکوومەتی سووریا لەمبارەوە هیچ زانیارییەکی بڵاو نەکردووەتەوە و هاوکات ئیسرائیلیش هەتا ئێستا بەرپرسایەتیی ئەو هێرشەی نەگرتووەتە ئەستۆ.

هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوەش کردووە کە لە هێرشێکی دیکەی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر پێگەیەکی سەربازی لە نزیک دیمەشق کە ڕۆژی چوارشەممە ڕووی داوە لانیکەم هەشت میلیشیای سەر بە ئێران کوژراون.

هێرشەکان بۆ سەر کۆگایەکی چەک و تەقەمەنیی یەکێک لە هێزە میلیشیاییەکانی سەر بە ئێران بووە.

لە ساڵی ٢٠١١وە کە شەڕی ناوخۆیی سووریا دەستی پێ کردووە ئێران وەک یەکێک لە پشتیوانانی حکوومەتی بەشار ئەسەد، جیاواز لە جێگیرکردنی فەیلەقی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسداران، هاوکات میلیشیاکانی زەینەبیوون (شیعەکانی پاکستان) فاتمیوون (شیعەکانی ئەفغانستان)ی لە سووریا جێگیر کردووە و هەتا ئێستا لەلایەن ئیسرائیلەوە بە دەیان هێرش کراوەتە سەر ئەو پێگە سەربازییانەی ئێران و بە سەدان هێزی سەربازیی لەو وڵاتە کوژراون، بەڵام ئێران هێشتا حاشا لە بوونی هێزی سەربازیی خۆی لە سووریا دەکات.












باسنيوز
Top