پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا گەمارۆی توندی بۆ سەر تورکیا پەسەند کرد

پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا گەمارۆی توندی بۆ سەر تورکیا پەسەند کرد
پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا لە دانیشتنێ دوێنێ پێنجشەممەدا بە توندی ئیدانەی سیاسەتەکانی تورکیای لە بەرامبەر قوبرسی باکوور کرد و هەوڵەکانی تورکیای بە تێکدانی یەکێتیی نێوان قوبرسی باکوور و باشوور لە قەڵەم داوە و هاوکات داوای سەپاندنی گەمارۆی توندی بۆ سەر تورکیا کردووە.

پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا بە پەسەندکردنی بڕیارنامەیەک داوای لە وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا کردووە بەهۆی هەڵسوکەوت و سیاسەتی دنەدەرانە کە تورکیا لە دوورگەی قوبرس گرتوویەتە پێش، گەمارۆی توند بەسەر ئەو وڵاتەدا بسەپێندرێت.

یەکێتیی ئەورووپا تورکیا بە هۆکاری پشێوی و دووبەرەکێ لە نێوان دەوڵەتی سەربەخۆی قوبرس و دوورگەی قوبرسی باکوور دادەنێت.

بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان، باکووری قوبرس وەک بەشێک لە خاکی قوبرسی سەربەخۆ دێتە ئەژمار و هاوکات قوبرسیش وەک ئەندامێکی یەکێتیی ئەورووپا مافی بەرگری لە خۆی هەیە.

کۆماری تورکی قوبرسی باکوور تەنیا لەلایەن ئەنقەرەوە بە فەرمی دەناسرێت و لەڕووی ئابووری و سیاسییەوە سەر بە تورکیایە و نزیکەی ٣٠ هەزار سەربازی تورکیا تێیدا جێگیر کراون.

لە بڕیارنامەکەی یەکێتیی ئەورووپادا هەوڵە سەربازییەکانی تورکیا لە دوورگەی قوبرس بە نایاسایی و یەکلایەنە و دنەدەرانە لەقەڵەم دراوە، هاوکات هەوڵەکانی گەڕان و پشکنینی یەکلایەنەی تورکیا بەدوای غازی سروشتی لە دەریای سپیی ناوەڕاست ئیدانە کراوە.








باسنيوز
Top