حوسییەکان: بەردەوام دەبین لە هێرشکردنە سەر سعودیە
بزووتنەوەی ئەنساروڵڵا (حوسییەکان)ی یەمەن رایدەگەیەنێت، کە بەردەوام دەبن لە هێرشکردنە سەر شانشینی عەرەبستانی سعودیە و بەرژەوەندییەکانی.
محەمەد عەلی حوسی، ئەندامی ئەنجوومەنی سیاسیی حوسییەکان، رایگەیاندووە، ئەو مووشەکەی بەهۆیەوە کۆگایەکی سووتەمەنیی کۆمپانیای ئارامکۆ کرایە ئامانج، بە رێژەی %100 دروستکراوی حوسییەکان بوو.
هێرشەکە شەوی دووشەممە 23-11-2020 بە مووشەک کرایە سەر کۆگایەکی سووتەمەنیی کۆمپانیای ئارامکۆی سعودی لە باکووری شاری جەددە و بووە هۆی کەوتنەوەی ئاگرێکی گەورە.
محەمەد عەلی حوسی هەروەها رایگەیاندووە، سعودیە ماوەی شەش ساڵە هێرش دەکاتە سەر ”گەلی یەمەن“ و تا ئەوکاتەی ئەوان بەردەوام بن لە ”دوژمنکارییەکانیان بۆ یەمەن“، حوسییەکان بەردەوام دەبن لە هێرشکردنە سەر ئەو وڵاتە.
ئەو سەرکردەیەی حوسییەکان ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ئەو مووشەکەی کۆگاکەی کۆمپانیای ئارامکۆی کردە ئامانج ناوی مووشەکی (قودس) بوو، کە هێڵی بەرگریی دژەمووشەکیی سعودیەی بڕی و ئامانجەکەی خۆی پێکا.
محەمەد عەلی حوسی بە جۆرێک لە گاڵتەکردنەوە ئامۆژگاریی دەسەڵاتدارانی سعودیە دەکات ”بڕۆنە ئەمریکا و سیستەمی نوێی بەرگری بکڕن“.
حوسییەکان بزووتنەوەیەکی شیعەمەزهەبی یەمەنین و کۆماری ئیسلامیی ئێران هاوکاریی ماددی، مەعنەوی و لۆجیستییان دەکات.
لە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی یەمەنەوە، کە لە ساڵی 2011 دەستی پێ کرد، حوسییەکان پاڵپشتیی خۆیان بۆ ئۆپۆزیسیۆن راگەیاند و لە مانگی ئەیلوولی 2014ش کودەتایان بەسەر حکوومەتی نوێی وڵاتەکەیاندا کرد و دەستیان بەسەر شاری سەنعای پایتەخت و زۆرینەی ناوچەکانی وڵاتەکەیاندا گرت.
باسنيوز
