یەکەم دەرگای کۆشکی سپی بۆ جۆ بایدن دەکرێتەوە

یەکەم دەرگای کۆشکی سپی بۆ جۆ بایدن دەکرێتەوە
دۆناڵد تره‌مپ، سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێ، گلۆپی سەوزم بۆ ئیمیلی مێرڤی، سەرۆکی ئیدارەی گشتیی خزمەتگوزارییەکان هەڵکردووە، کە سەرەڕای ئەوەی لە داوا یاساییەکەی خۆم هەر سوورم، بەڵام هەنگاو بۆ دەستاودەستکردنی دەسەڵات لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردراودا بنێ.
تره‌مپ لە هەژماری خۆیدا له‌ تویته‌ر نووسیویەتی: ”دەمەوێ سوپاسی مێرڤی بکەم، بۆ ئەو پابەندبوون و دڵسۆزییەی بۆ وڵاتەکەمان، بەڵام مێرڤی تووشی تەنگپێهەڵچنین و هەڕەشە هاتووە، منیش نامەوێ ئەو پێشهاته‌ به‌سه‌ر خۆی و خێزانەکەی و فەرمانبەرەکانی لە ئیدارەی گشتیی خزمەتگوزارییەکاندا بێ “.
دەشڵێ: ”ئێمە لەسەر کێشەی خۆمان و شەڕی یاسایی خۆمان بەردەوامین، باوەڕیشم وایە سەردەکەوم، بەڵام مێرڤی رادەسپێرم کە پابەند بێت بە پرۆتۆکۆلە سەرەتاییەکان، تیمەکەی خۆشم راسپاردووە هەمان کار بکەن“.
لە بەرامبەردا و لە یەکەم کاردانەوەیدا، سەرۆکی ئیدارەی گشتیی خزمەتگوزارییەکان بۆ ئەو قسانەی تره‌مپ گوتی: ”من تووشی هیچ هەڕەشە و فشارێک نەهاتووم، ئەوەی کردووشمە بڕیاری خۆمە بەتەنیا“.
گوتیشی: ”بۆ دواخستن یان پەلە لێکردنی ئەو بڕیارە، لە لایەن هیچ بەرپرسێک یان دەسەڵاتی جێبەجێکردن نە راستەوخۆ و نە ناڕاستەوخۆ تووشی هیچ فشارێک نەهاتووم، لەناویشیاندا ئەوانەی لە کۆشکی سپی، یان ئەوانەی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتی خزمەتگوزارییەکان کار دەکەن“.
یوهانس ئابراهام، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تیمی قۆناغی گواستنەوەی دەسەڵات بۆ سەرۆکی هەڵبژێردراو، جۆ بایدن، گوتی: ”بەڕێوەبەری ئیدارەی خزمەتگوزارییەکان دوپاتی کردووەتەوە، کە جۆ بایدن و کاملا هاریسی جێگری سەرکەوتنیان بەدەست هێناوە، ئەمەش رێخۆشکەرە بۆ دەستاودەستکردنی ئاشتییانەی دەسەڵات.
گوتیشی، ئەم بڕیارە هەنگاوێکی گرنگە بە ئاراستەی چارەسەرکردنی ئەو گرفتانەی رووبەڕووی وڵات دەبنەوە، لەناویشیاندا کۆنتڕۆڵکردنی پەتای کۆرۆنا و گێڕانەوەی دۆخی ئابووری بۆ سەر رێگا دروستەکەی خۆی“.
دەشڵێ: ”ئەم کۆتا بڕیارە، رێوشوێنێکی کارگێڕییە بۆ دەستکردن بە دەستاودەستکردنی دەسەڵات لەگەڵ ئاژانسی فیدڕاڵی، بەرپرسانیش لە چەند رۆژی داهاتوودا لەگەڵ بەرپرسەکانی فیدڕاڵی کۆدەبنەوە، بۆ گفتوگۆکردن سەبارەت بە پەتاکە و دەستخستنی هەژمارێکی تەواو، لەپێناو بەرژەوەندیی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکی“.
لای خۆشیەوە، سو گاو، وتەبێژ بەناوی پینتاگۆن دوپاتی کردەوە، دوێنێ ئێوارە، تیمی سەرۆکی هەڵبژێردراو جۆ بایدن، یەکەم پەیوەندییان بە پنتاگۆنەوە کردووە، بەر لەوەی پرۆسەی دەستاودەستکردنی دەسەڵات جێبەجێ بکرێ.
جۆ بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردراو، دوێنی دووشەمە رای گەیاند، کە هەریەکە لە ئەنتۆنی بلینکن بۆ وەزیری دەرەوە، جیک سۆلیفان و هیلاری کلینتۆن بۆ راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی لە کۆشکی سپی، ئەلیساندرۆ مایۆرکاس بۆ وەزیری ئاسایشی ناوخۆ، ئفریل هیانز بۆ بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانی دەستنیشان کردووە و پێدەچێ میشێل فلۆرنۆی بۆ سەرۆکایەتیی وەزارەتی بەرگری دەستنیشان بکات.












باسنيوز


Top