کازمی: ئاستەنگی بۆ کارەکانی حکومەت دروستدەکرێت

 کازمی: ئاستەنگی بۆ کارەکانی حکومەت دروستدەکرێت
سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، هەڵمەتێکی گەورەی میدیایی بۆ دروستکردنی ئاستەنگی و بێبەهاکردنی کاروبارەکانی حکومەت دروستدەکرێت و لەبواری خزمەتگوزارییە گشتییەکانیش حکومەتەکەی توانیویەتی ژمارەیەک پڕۆژەی ستراتیژی جێبەجێبکات.

عێراق لەڕوی خزمەتگوزارییەوە لەئاستێکی زۆر خراپدایە

مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، دۆخی بەشێک لە شارەکانی عێراق لەڕوی خزمەتگوزارییەوە لەئاستێکی زۆر خراپدایە و داوا لەسەرجەم لایەنەکان دەکەن هەوڵەکانیان بە ئاڕاستەی خزمەتکردنی هاوڵاتیان چڕبکەنەوە نەک هێرشی میدیایی و بێبەهاکردنی کاروبارەکانی حکومەت، جەختیش دەکەنەوە لەسەر ئەوەی دەنگۆی هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنی ئابوری و بازرگانی نێوان عێراق و چین دورە لەراستییەوە و رێککەوتنە جێبەجێ دەکرێت.

و حکومەتەکەی لە پشتیوانیکردنی پڕۆژەی بەندەری گەورەی فاو بەردەوام دەبێت

ئاماژەی بەوەشکرد، بەشێک لەلایەنەکان رێککەوتنی سعودیە و عێراق لەبواری وەبەرهێنان و پەرەپێدانی کشتوکاڵ وەک "داگیرکاری" ناودەبەن لەکاتێکدا رێککەوتنەکە بۆ بوژانەوەی دۆخی کشتوکاڵی کاریگەری باشی هەیە و حکومەتەکەی لە پشتیوانیکردنی پڕۆژەی بەندەری گەورەی فاو و تەرخانکردنی بودجە بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە بەردەوام دەبێت.

گفتوگۆکان لەگەڵ هەرێم بەردەوامن و نابێت هاوڵاتیان باجی ململانێی سیاسی بدەن

سەرۆک وەزیرانی عێراق باسی لەوەشکرد، گفتوگۆکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەردەوامن و نابێت هاوڵاتیان باجی ململانێی سیاسی بدەن، بۆیە هەرێم ژمارەیەک پابەندی هەیە کە پێویست دەکات جێبەجێی بکات لەبەرامبەریشدا بەغدا بودجەیەک بۆ گەرەنتیکردنی موچەی فەرمانبەران خەرج دەکات، جەختیش لەچارەسەرکردنی کێشەکان لەرێگەی دانوستان دەکەنەوە.

پێویستە سەرچاوەی دیکەی داهات لەدەرەوەی داهاتی نەوت پەرەی پێبدرێت

باسی لەوەشکرد، هێزەکانی عێراق بەشێوەیەی رۆژانە ئۆپراسیۆنی سەربازی بۆ کێوماڵکردنی پێگەکانی داعش لە پارێزگاکانی سەڵاحەدین، دیالە، کەرکوک و نەینەوا ئەنجام دەدەن، پەیوەست بە پرسی چاکسازیش جەختدەکەنەوە ئامانجی حکومەت ئەوەیە سەرچاوەی دیکەی داهات لەدەرەوەی داهاتی نەوت پەرەی پێبدرێت و باوەڕیانوایە پڕۆژەی چاکسازی بەشێکی ئەو هەنگاوە بەدیدەهێنێت.









خەندان
Top