كاوە مەحموود: هەولێر و بەغدا ڕێككەوتبوون پێویست نەبوو لە یاسای قەرزدا ناوی كوردستان بێت

كاوە مەحموود: هەولێر و بەغدا ڕێككەوتبوون پێویست نەبوو لە یاسای قەرزدا ناوی كوردستان بێت


سكرتێری حزبی شیوعی كوردستان، لە وتارێكدا، بۆچوون و سەرنجی خۆی لە بارەی تێپەڕاندنی یاسای قەرز لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق خستووەتە ڕوو و ئاماژە بەوە دەكات، شێوازی نووسین و تیپەڕاندنی ماددەی حەوتی یاسای قەرز، كە پشکی نەوتی حکوومەتی هەرێمی كوردستان لە لایەن کۆمپانیای سۆمۆوە دەستنیشان دەکات، بە جۆرێك بووە "کەم تەماشاکردن و خۆسەپاندن"ـی بە سەر هەرێمی کوردستانی تێدایە، لە كاتێكدا تا کۆتایی ساڵی 2020 رێکكەوتنێک نێوان حکوومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق بۆ ڕێکخستنی ئەو پشکەی کە بۆ هەرێم دەنێردرێت کراوە و هیچ پێویستی بەوە نەدەکرد کە ئاماژە بە ناوی هەرێمی كوردستان لە یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجەی عێراق، بکرێت.

كاوە مەحموود، سكرتێری حزبی شیوعی كوردستان، لە سەروتاری هەفتەنامەی ڕێگای كوردستانی زمانحاڵی حزبی شیوعی، لەسەر بابەتی یاسای پڕکردنەوە کورتهێنانی بودجەی عێراق، سەرنجی خۆی نووسیوە و لە بەشێكی وتارەكەیدا ئاماژەی بەوە كردووە، فراکسیۆنە کوردستانییەکان بە کۆمەڵ و لە چوارچێوەی هەڵوێستێکی یەکگرتوو کاریان کرد کە ماددەی حەوت لە یاساکە بەو شێوەیەی کە لە پرۆژەکەی ئەنجوومەنی نوێنەران هاتبوو کە بە پێچەوانەی پرۆژەکەی حکوومەتی عێراقە، تێنەپەرێت، بەڵام لە ئاکامی هەڵوێستی فراکسیۆنە شیعە و سوننەکان و پێداگرییان لە سەر تێپەرکردنی یاساکە بە زۆرینە، فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە دانیشتنەکە کشانەوە، و ئەو ماددەیە تێپەڕی کە پشکی نەوتی حکوومەتی هەرێمی كوردستان لە لایەن کۆمپانیای سۆمۆوە دەستنیشان دەکات و هەرێم تێکڕای داهاتی نانەوتی ڕادەستی حکومەتی فدراڵ بکات، و جگە لەوەی شێوازی نوسینەوەی ماددەکەش بە جۆرێکە کە بە کەم تەماشاکردن و خۆسەپاندنی بە سەر هەرێمی کوردستانی تێدایە، لە کاتێکدا تا کۆتایی ساڵی 2020 رێکەوتنێک نێوان حکومەتی هەرێم و بەغدا بۆ ڕێکخستنی ئەو پشکەی کە بۆ هەرێم دەنێردرێت، کراوە، و هیچ پێویستی بەوە نەدەکرد کە ئاماژە بە ناوی هەرێمی كوردستان لە یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجەی عێراق، بکرێت.

كاوە مەحموود، سەرنج دەخاتە سەر ئەوەش، كە چارەسەرکردنی کورتهێنانی بودجەی عێراق لە لایەن بریاردانی یاسای قەرزەوە وەک ئەوەی ئەنجومەنی نوینەرانی عێراق کردی، ڕێگا چارەیەکی کورتبینە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی ئابوری لە عێراقدا، کە ڕەنگدانەوەی سیاسەتی ئابووریی بەرخۆر و فراوانبوونی گەندەڵی و وابەستەیی بە مەرجەکانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتییە.

سكرتێڕی حزبی شیوعی، ئەو پرسیارەش دەورووژێنێ، كە ئایا حکوومەتی عێراق وا توانی بە قەرز مووچەی ئەم سێ مانگە بدات، ئایا چۆن موچە بۆ ساڵی 2020 دابین دەکات و بە چ شێوەیەک بودجە دادەرێژیت؟ پێشی وایە، كە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە جیاتی بیر لەم بابەتە گرنگە بکاتەوە و هەڵسەنگاندن بۆ سیاسەتی ئابوری بکات، ماددەی حەوتی هێنایە نێو یاساکە و بەم جۆرەش لاپەڕەکانی ئەم بابەتەی تێکەڵ کرد و سەرنجی ڕای گشتی عێراقی بۆ ئەو ماددەیە ڕاکێشا ، و گوایە مەرج بەسەر هەرێمی کوردستاندا فەرز دەکات، و بەم جۆرەش ئەم ئاراستەیە لە خزمەتی هەمان گوتاری باوی رق و بوخزە کە مەترسیدارە لە سەر ئاسایشی کۆمەڵایەتی لە سەرانسەری عێراقدا.

دووپاتیشی دەكاتەوە، كە ورووژاندن و بەکارهێنانی دۆسێی گیروگرفتەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی كوردستان و حکومەتی فیدراڵ لە داڕشتن و بڕیاردانی یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجەی عێراق سەرلەنوێ ڕەنگدانەوەی عەقڵیەتی ناوەندێتی ڕەهایە لە لایەن فراکسیۆنەکانی شیعە و سوننە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، و جەختکردنە لە سەر ئەوەی کە ئەم هێزانە هەر لە سەرەتاوە باوەڕیان بە پرنسیپەکانی تەوافوق و هاوسەنگی و شەراکەت نییە کە پرۆسەی سیاسی عێراق لە سالی 2003وە لە سەری بنیاتنراوە، و پێیان وایە ئەگەر ئەو پرەنسیپانە لە پراکتیکی سیاسی ڕەنگ بداتەوە، ئەوا مانای قوڵبادانە.

پێشی وایە، كە چارەسەرکردنی قەیرانی ئابوری لە سەرانسەری عێراقدا پێویستی بە سیاسەتی چاکسازی هەمەلایەنە، و پێداچونەوەی سەرجەم کەرتە ئابورییەکان، و چارەسەرکردنی قەیرانی بێکاری و هەژارییە لە چوارچێوەی پرۆسەی گەشەپێدانی مرۆیی بەردەوام، نەک کەڵەکەکردنی قەرز کە دەبێتە قورسایی و فشار بۆ نەوەکانی داهاتوو.










باسنيوز
Top