کەسێک لە نووسینگەی میدیایی مێرکل بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ میسر دەستگیر دەکرێت

کەسێک لە نووسینگەی میدیایی مێرکل بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ میسر دەستگیر دەکرێت
پیاوێکی میسری کە لە نووسینگەی میدیایی ئەنگێلا مێرکل، راوێژکاری ئەڵمانیا کاریکردووە، بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ میسر دەستگیرکراوە و دادگایی دەکرێت.

رۆژی دووشەممە 16ی نۆڤێمبەر، نووسینگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی ئەڵمانیا سکاڵانامەی لەسەر ئەو پیاوە تۆمارکردووە.
سەرچاوەیەکی دادوەریی ئەڵمانیا ئاشکرایکرد، رۆژی دووشەممە لەسەر داوای ئەو نووسینگە فەرمییە، حکومەت پارێزەرێکی بۆ تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر ئەو پیاوە میسرییە راسپاردووە و کەیسەکەی بەو جۆرە دەبەنە دادگا بۆ لێکۆڵێنەوە لە تۆماتبارەکە.

ئەو پیاوە میسرییە ناوی ئەمینە لەساڵی 1999ەوە لە بەشی راوێژکاریی میوان سەر بە نووسینگەی میدیایی حکومەتی فیدراڵی ئەڵمانیا کاری کردووە، بەڵام بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ میسر لە 10ی تەممووزی ئەمساڵەوە دەستگیرکراوە.

ئەو سەرچاوە ئەڵمانییە دەلێت، ئەو پیاوە کە لە ساڵی 2010ەوە شوێنی کارەکەی بەکارهێناوە بۆ هاوکاریکردنی ژمارەیەک کارمەندی دەزگای هەواڵگریی گشتی میسر و زانیاری بەو کارمەندانە داوە.

هەروەها باس لەوەش دەکات، ئەمین لەکارەکەیدا هەوڵیداوە راپۆرتی ورد و زانیاری نوێ سەبارەت بە سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەی ئەڵمانیا دزە پێبکات و بیداتە دەزگای هەواڵگری گشتی میسری.

ئەو سەرچاوە دادوەرییە ئەڵمانیە دەشڵێت، ئەو پیاوە میسرییە بەم کارانەی ئیمتیازاتی زۆری بۆ خۆی و خێزانەکەی لەلایەن دەسەڵاتدارێتی میسرەوە بەدەستهێناوە.

rudaw -
Top