ئەمنستی ماڵپەڕێک بە ناونیشانی "کوژراندنەوەی ئینتەرنێت، کوشتنی بێدەنگ" دەکاتەوە

ئەمنستی ماڵپەڕێک بە ناونیشانی


رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی، ناسراو بە ئەمنستی ئینتەرناشناڵ، داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات، میکانیزمێک بۆ دادگایی و سزادانی ئەو بەرپرسە ئێرانییانە دابنێت کە لە کوشتنی خۆپێشاندەرانی ساڵی رابردووی ئەو وڵاتەدا رۆڵیان هەبووە.

لە ساڵیادی دەستپێکردنی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی رابردووی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستاندا، رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی ماڵپەڕێکی بە ناونیشانی "کوژاندنەوەی ئینتەرنێت، کوشتنی بێدەنگ" کردەوە و زانیارییەکانی 304 کەسی بڵاوکردووەتەوە کە لەو ناڕەزایەتییانەدا بە تەقەی هێزەکانی ئێران کوژراون.

هەروەها ماڵپەڕەکە کۆمەڵێک ڤیدیۆی پشتڕاستکراوەی تەقەکردنی راستەوخۆی هێزەکانی ئێرانیشی تێدا بڵاوکراوەتەوە.

لەنێو 304 کوژراوەکەدا کە لێبووردنی نێودەوڵەتی وێنە و زانیارییەکانی بڵاوکردوونەتەوە، 38 کەسیان لە رۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون. زیاترین ژمارەی کوژراوەکان لە شاری کرماشان بووە کە 24 کوژراوی لێ تۆمارکراوە.

هەروەها کوژرانی شەش کەس لە جوانڕۆ، پێنج کەس لە مەریوان و سێ کەسیش لە سنە پشتڕاستکراوەتەوە. لەنێو کوژراوانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا لانیکەم دوو کەسیان تەمەنیان خوار 18 ساڵ بووە، کەسێکیشیان ژن بووە.

لێبووردنی نێودەوڵەتی داوا لە ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات، میکانیزمێک بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتر لە قوربانییانی ناڕەزایەتییەکان بدۆزێتەوە و رێوشوێنی دادگاییکردنی ئەو کەسانەی کە لە بڕیاردان و جێبەجێکردنی سەرکوتی ناڕازییاندا بەشداربوونە، بگرێتەبەر.
rudaw -
Top