هەپەگە: لە ناوچەی زاپ نۆ سەربازی تورکیا کوژران

هەپەگە: لە ناوچەی زاپ نۆ سەربازی تورکیا کوژران
ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە، کوژرانی نۆ سەربازی تورکیای لە ناوچەی زاپ لە هەرێمی کوردستان راگەیاند. وەزارەتی بەرگریی تورکیاش دەڵێت، لە هێرشێکی ئاسمانیدا لە زاپ 5 گەریلای پەکەکەیان کوشتوون.

ناوەندی راگەیاندنی هەپەگە، باڵی سەربازیی پەکەکە رایگەیاند "پێکدادانەکە 14ی تشرینی دووەم لە ناوچەی زاپ روویداوە، لەکاتێکدا یەکەیەکی سوپای تورکیا هەوڵیانداوە لە قەڵای بێدەوێ جێگیربن، بەوهۆیەوە لەنێوان سەربازانی تورکیا و گەریلادا پێکدادان روویداوە، لە ئەنجامدا نۆ سەربازی تورکیا کوژراون و دووانی دیکەش برینداربوون، هەروەها دوو گەریلاش کوژراون".

وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە راگەیێندراویکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە هێرشێکی ئاسمانیدا لە "باکووری عێراق" لە ناوچەی زاپ، پێنج گەریلای پەکەکەیان کوشتوون و باس لەوە نەکراوە کە سەربازیان کوژرابن.

شەوی 15ی حوزەیران، هێزی ئاسمانیی سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنی چنگی هەڵۆی لە چەند ناوچەیەکی باشووری کوردستان دەستپێکرد، لە 17ی حوزەیران ئۆپەراسیۆنی چنگی پڵنگی راگەیاند و دەستی بە هێرشی زەمینی لە ناوچەکانی حەفتانین و خواکوڕک کرد، لە 6-9-2020 دا سوپای تورکیا کۆتایی هاتنی ئۆپەراسیۆنەکەی راگەیاند، بەڵام شەڕو پێکدادانی هەردوولا بەردەوامە.

تورکیا هێزەکانی سوپاکەی بە مەودای 45-50 کیلۆمەتر هێنایە نێو سنووری هەرێمی کوردستان. لەماوەی ئۆپەراسیۆنەکەدا 6 هاونیشتمانی هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستدا، دوو ئەفسەر و سەربازێکی پاسەوانی سنووری عێراقی کوژران و زیاتر لە 10 کەسیش برینداربوون. هەریەکە لە تورکیا و پەکەکەش ئاماری جیاواز لەبارەی کوژراو و بریندارەکانیان بلاو دەکەنەوە.
rudaw -
Top