مایک پۆمپیۆ دەچێتە تورکیا و چاوی بە هیچ بەرپرسێکی ئەو وڵاتە ناکەوێت
بڕیارە لە هەفتەی داهاتوو، مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بگاتە توركیا، بەڵام ئەوەی جێگەی پرسیارە بۆ بەرپرسانی ئەنقەرە، پۆمپیۆ چاوی بە هیچ بەرپرسێكی توركیا ناكەوێت و تەنیا بە مەبەستی بینینی پیاوانی ئایینی ئەو سەردانە دەكات، ئەمەش توركیای نیگەران كردووە.
ئاژانسەكانی هەواڵ بڵاویان كردەوە، هەفتەی داهاتوو مایک پۆمپیۆ دەگاتە ئیستەنبۆڵ، بەڵام بەرنامەی پۆمپیۆ زیاتر بۆ پاڵپشتیكردنی (ئازادیی ئایینی)یە و جگە لە توركیا سەردانی چەند وڵاتێكی تریش دەكات، بەڵام بەرپرسانی توركیا نیگەرانن لەو سەردانە.
ئاژانسی (بلۆمبێرگ)ی توركی لەسەر زاری بەرپرسێكی توركیا كە ناوی ئاشكرا نەكردووە بڵاوی كردەوە، مەولوود چاوشئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی توركیا، بە فەرمی بانگهێشتی پۆمپیۆی كردووە بۆ ئەنقەرە، بەڵام پۆمپیۆ پێی گوتووە نایەتە ئەنقەرە و ئەگەر دەیەوێت بیبینێت با بێتە ئیستەنبۆڵ.
هەر بە گوێرەی زانیارییەكانی هەمان ئاژانس، توركیا نیگەرانە لەو هەڵوێستەی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا و، گوتوویانە پۆمپیۆ كەمی ماوە وەكوو وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، بۆیە پێویست ناكات ئەوەندە داوای لێ بكرێت بێتە ئەنقەرە.
باسنيوز
