35 ویلایەتی ئەمریکا بەستنی ماسکیان کردووە بە ناچاری

35 ویلایەتی ئەمریکا بەستنی ماسکیان کردووە بە ناچاری
ژمارەی تووشبووانی دەستنیشانکراو لە ئەمریکا 11 ملیۆن کەسی تێپەڕاندووە، بەو هۆیەشەوە و بەمەبەستی رێگری لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسەکە، 35 ویلایەتی ئەو وڵاتە پۆشینی ماسکیان کردووە بە ناچاری.

ویلایەتی داکۆتای باکوور، چووە پاڵ ئەو ویلایەتانەی ئەمریکا کە تێیدا بەستنی ماسک کراوە بە ناچاری و دەسەڵاتدارانی ویلایەتەکەش داوا دەکەن خەڵک پابەندی رێنماییە نوێیەکان بن بۆئەوەی رێگری لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسەکە بکرێت.

بەو بڕیارەی داکۆتای باکوور، ژمارەی ویلایەتەکانی ئەمریکا بوون بە 35 ویلایەت کە بڕیاری بەستنی ماسکیان سەپاندووە و کردوویانە بە ناچاری.

دەسەڵاتدارانی ئەو ویلایەتە ئاماژە بەوە دەکەن، ئەگەر هەوڵ نەدرێت بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری پەتاکە، لەوانەیە تەواوی سیستەمی تەندروستی لەو ویلایەتە و تەواوی ئەمریکا تێکبشكێن.

جگە لە بەستنی ناچاریی ماسک، بڕیاریش دراوە باڕ و رێستۆرانتەکان تەنیا 50%ی توانای خۆیان لە وەرگرتن و پێشوازیکردن لە میوان بەکاربهێنن و لە کاژێر 10:00ی شەویشەوە دەبێت دابخرێن.

ئەم بڕیارەش دوای ئەوە هات کە رۆژی هەینیی رابردوو لە 24 کاژێردا 177 هەزار تووشبووی نوێی کۆرۆنا لە ئەمریکا تۆمارکران.

ژمارەی تووشبوون بە کۆرۆنا لە ئەمریکا 11 ملیۆن کەسی تێپەڕاندووە و تاوەکو ئێستاش زیاتر لە 251 هەزار کەس بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە.

rudaw -
Top