ئیمارات مافی مانەوەی 10 ساڵ بە پسپۆڕانی پزیشکی دەدات
بەمەبەستی سوودوەرگرتن لە توانای پسپۆڕانی بواری ڤایرۆس و نەخۆشییە گوازراوەکان و وەکو هەنگاوێکیش بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتەکەیدا، رۆژی یەکشەممە حکومەتی ئیمارات رایگەیاند، پزیشکان و پسپۆڕانی ئەو بوارە دەتوانن مافی مانەوە بۆ 10 ساڵ لەو وڵاتە بەدەستبهێنن.
هەروەها ئیمارات بڕیاریداوە مافی "مانەوەی ئاڵتوونی" بداتە پسپۆڕانی بواری زیرەکیی دەستکرد و زانستی کۆمپیوتەر.
ئەم بڕیارەی ئیمارات لە چواچێوەی پرۆگرامێکی زانستیدایە بۆ برەودان بە چەندین بواری زانستیی وەکو پزیشکی، بۆشایی ئاسمان، تەکنەلۆژیا و پرۆگرامسازی.
بەرنامەکەی ئیمارات بۆ پێشخستنی زانست و تەکنەلۆژیا لە ساڵی 2019وە دەستیپێکردووە، بەڵام ئەمساڵ زیاتر فراوانی کردووە و لە نوێترین هەنگاویشدا ئەو بڕیارەی بۆ راکێشانی پسپۆڕانی پزیشکی دەرکرد.
لە ماوەی یەک ساڵی ئەو بەرنامەی ئیماراتدا، شەش هەزار و 800 کەس لە پسپۆڕ و وەبەرهێن لە وڵاتانی جیهانەوە روویان لە ئیمارات کردووە.
ئیمارات دانیشتووانەکەی نزیکەی 10 ملیۆن کەسە، بەڵام خەڵکی رەسەنی وڵاتەکە تەنیا 10%ی پێکدەهێنن و 90%ی دانیشتووانەکەی خەڵکی بیانین.
دوای سعودیە، ئیمارات دووەمین هێزی ئابووریی گەورەی وڵاتانی عەرەبییە و بووەتە جێی سەرنجی وەبەرهێنانی جیهانی و پسپۆڕانی بوارە زانستییەکان و ئەو وڵاتەش لە چەند ساڵی رابردوودا جگە لە ئەنجامدانی گرێبەستی گەورەی ئابووری، پێشکەوتنی زانستیشی بەخۆوە بینیوە، دواترینیان هەوڵی ئیمارات بۆ چوونە سەر مەریخ بوو لە تەمموزی رابردوودا.
rudaw -
