یەکێتیی ئەورووپا بۆ کڕینی پێکوتەی کۆرۆنا لەگەڵ کۆمپانیای فایزر ڕێک کەوت

یەکێتیی ئەورووپا بۆ کڕینی پێکوتەی کۆرۆنا لەگەڵ کۆمپانیای فایزر ڕێک کەوت
کۆمپانیای دەرمانی "فایزر"ی ئەمریکی ڕۆژی دووشەممە ڕای گەیاند بە یارمەتیی کۆمپانیای ئەڵمانیی "بایۆن تێک" پێکوتەیەکی بەرهەم هێناوە کە تاکوو ٩٠٪ پێشگیری لە تووشبوون بە پەتای کۆرۆنا دەکات.

کۆمپانیای فایزر بۆ دروستکردنی ئەو پێکوتەیە لە شەش وڵاتی جیاواز چەندین تاقیکاریی لەسەر ٤٠ هەزار کەس ئەنجام داوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی (ڕۆیتەرز) ، ئۆرسۆلا فون درلاین، سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا لەمبارەوە ڕای گەیاندووە بەپێی ئەو ڕێککەوتنە، ٢٧ وڵاتی یەکێتیی ئەورووپا دەتوانن ٢٠٠ ملیۆن دووز لەو پێکوتەیە بکڕن، هاوکات بیرۆکەی کڕینی ١٠٠ ملیۆن دووزی دیکەش لە گۆڕێدایە.

بەپێی زانیارییە پزیشکییەکان کە کۆمپانیای فایزر بڵاوی کردووەتەوە هەر کەسێک دەبێ دوو دانە لەو پێکوتەیە لە ماوەی سێ هەفتەدا بەکار بێنێت.

کڕینی پێکوتەی دژە کۆرۆنای فایزر لەلایەن یەکێتیی ئەورووپاوە تەنیا کاتێک یەکلا دەبێتەوە کە کارایی و ئەنجامی ئەرێنیی ئەو دەرمانە لەلایەن دایرەی دەرمانی یەکێتیی ئەورووپاوە پەسەند بکرێت.








باسنیوز
Top