پەرلەمانتارە دیموکراسیخوازەکانی هۆنگ کۆنگ بە کۆمەڵ دەستیان لەکارکێشایەوە

پەرلەمانتارە دیموکراسیخوازەکانی هۆنگ کۆنگ بە کۆمەڵ دەستیان لەکارکێشایەوە


پەرلەمانتارە دیموکراسیخوازەکانی هۆنگ کۆنگ بە کۆمەڵ دەستیان لەکارکێشایەوە، ئەوەش دوای ئەوەی کە حکومەتی هەرێمەکەیان چوار پەرلەمانتاری دیموکراسیخوازی لە کارەکانیان دوورخستەوە.

ئەلڤین یوینگ، دێنیس کوۆک، کوۆک کاکی و کێنێس لیونگ ئەو چوار پەرلەمانتارەن کە حکومەتی هۆنگ کۆنگ بە تۆمەتی هەڵسوکەوتکردن دژی ئاسایشی نیشتمانیی هەرێمەکە، لە کارەکانیان دووری خستوونەتەوە.

لەکارلادانەکەش دوای ئەوە دێت کە پەرلەمانی چین دوو کۆبوونەوەی لە رۆژی سێشەممە و چوارشەممە ئەنجامدا و یاسایەکی تێپەڕاند بۆ لەکارلادانی هەرکەسێک کە پشتگیری لە سەربەخۆیی هۆنگ کۆنگ و دژایەتیی سەروەریی چین بەسەر ئەو هەرێمەوە بکات یان هەڕەشە بخاتە سەر ئاسایشی نیشتمانی و داوا لە هێزە دەرەکییەکان بکات دەستوەردان لە کاروباری هەرێمەکەدا بکەن.

لە کاردانەوەی ئەو بڕیارەدا، وو چی وای، سەرۆکی پارتی دیموکراتی هۆنگ کۆنگ کە پارتێکی دیموکراسیخوازە، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند "ئەمڕۆ ئێمە دەست لە کار دەکێشینەوە، چونکە هاوڕێ و هاوکارەکانمان بەهۆی هەنگاوی بێ بەزەییانەی حکومەتی ناوەندەوە دوورخراونەتەوە".

سەرۆکی ئەو پارتە دیموکراسیخوازە گوتیشی، هەموو پەرلەمانتارە دیموکراسیخوازەکان رۆژی پێنجشەممە نامەی دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکێش دەکەن.

لەمیانی کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا، ئەو ئەندام پەرلەمانانە دەست لەناو دەست دروشمی "هۆنگ کۆنگ بەردەوامدەبێت لە شەڕکردن، پێکەوە دەوەستینەوە"ـیان دەگوتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی چین بەرگری لە دوورخستنەوەی ئەو چوار پەرلەمانتارەی هۆنگ کۆنگ دەکات و دەڵێت، بڕیارەکەیان تەواو یاسایی و دەستوورییە.

وانگ وێنبین، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین دەڵێت "ئەوە هەنگاوێکی پێویست بوو بۆ جێبەجێکردنی رۆڵی یاسا لە هۆنگ کۆنگ و جێبەجێکردنی دەستووری ئەو هەرێمە. ئەوە هەنگاوێکی رەوا، دروست، دەستووری و یاسایی بوو"
rudaw -
Top