ئێران: نە لە مانەوەی ترەمپ ترساوین و نە بۆ هاتنی بایدن پەرۆشین
یاریدەدەری سیاسیی وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، "وڵاتەکەمان نە بە مانەوەی ترەمپ ترسی لێدەنیشێت و نە بۆ هاتنی بایدنیش پەرۆشە و شاگەشکە دەبێت".
عەباس عەراقچی، یاریدەدەری سیاسیی وەزیری دەرەوەی ئێران سەبارەت بە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئەمریکا گوتیشی "باشترین وەڵام کە شیاوە لەئاست ئەو هەڵبژاردنانە، وەڵامی رابەری ئێرانە کە هەڵبژاردنەکەی بە تەماشایی ناوبرد".
سەبارەت بەو هەواڵانەی باس لە ئەگەری گرتنەبەری هەنگاوی لەپڕ لەلایەن ترەمپەوە دژ بە ئێران یان چەند ناوچەیەکی دیکە دەکەن، عەراقچی دەڵێت "ئەم رۆژانە قسە و قسەڵۆکی زۆر دەکرێن، بەڵام ئێران باش دەزانێت کە ترەمپ پابەندی هیچ شتێک نییە و ناشبێت، بەڵام لەوە گرنگتر ئەوەیە کە هەر کارێک ترەمپ بیەوێت ئەنجامیبدات بە هیچ ئەنجامێک ناگات".
ئەو بەرپرسە لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، چوار ساڵە ترەمپ هەر کارێکی لەدەستهاتبێت دژ بە ئێران ئەنجامیداوە و خۆشیان دانیان بەوەدا ناوە کە هیچ سزایەک نەماوە لە دژمان نەیسەپێنن، بۆیە ئەوەی ماوەتەوە بە گوتەی عەراقچی "تەنیا شەڕی دەروونییە" کە دەیانەوێت لەڕێگەیەوە ئومێدمان بە وڵاتی خۆمان نەمێنێت.
ماوەیەک لەمەوبەر میدیای ئەمریکا لە زاری چەند بەرپرسێکی ئەو وڵاتەوە ئاشکرایانکرد، ترەمپ بەنیازە لەم چەند هەفتە کەمەی کە ماوەتەوە هێرشی سەربازی بکاتە سەر ئێران یان چەند ناوچەیەکی دیکە کە لە دژی ئەمریکان.
رۆژی 3ی تشرینی دووەمی 2020 هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەڕێوەچوو، هەرچەندە بەپێی ئەنجامە بەراییەکان جۆ بایدن وەکو سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا ناسێندراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا دۆناڵد ترەمپ دانیپێدانەناوە و بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەکی ئەوتۆ بخاتەڕوو دەڵێت "ساختەکاری" کراوە.
k24 -
