نێردەی ئەمریکا لە سووریا دەستی لەکار کێشایەوە و پێشبینی دەکا بەردەوامی بە سیاسەتەکەی بدرێ

نێردەی ئەمریکا لە سووریا دەستی لەکار کێشایەوە و پێشبینی دەکا بەردەوامی بە سیاسەتەکەی بدرێ
جێمس جیفری، نێردەی ئەمەریکا لە سووریا، لە چەند سەعاتی رابردوودا دیداری لەگەڵ هاوتا ئەوروپی و عەرەبی و ئۆپۆزسیۆنەکانی سووری ئەنجام دا، تا کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی بەوان رابگەیەنێ و جەختیشی کردەوە، کە لەحاڵەتێکدا ئەگەر جۆ بایدن بۆ سەرۆکایەتیی ئەمەریکا سەربکەوێ، ئەوا سیاسەتەکەی ئەو لە سووریا بەردەوام دەبێ.

بڕیار وایە جێگرەکەی خۆی، جویل روبارن، شوێنی بگرێتەوە، کە لە هەموو پەیوەندی و دیدارەکانیدا لەگەڵیدا ئامادە بووە، دوای ئەوەی لە ناوەڕاستی ساڵی 2018 پۆستی رێکخەری تایبەتی لە وەزارەتی دەرەوە بۆ دۆسیەی سووریا و نوێنەری واشنتن لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش وەرگرتووە.

بەرپرسانی ئەوروپا دەڵێن: “ئەمە ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی، کە لەم قۆناغەدا تا پێکهێنانی ئیدارەی نوێی ئەمەریکا، سیاسەتەکەی بەردەوام دەبێ».



«زەلکاوی سووریا»

لەوەتەی پۆستەکەی وەرگرتووە، جێفری تەمەن 75 ساڵان، بەشدار بووە لە داڕشتنی سیاسەتی ئەمەریکا بەرامبەر بە سووریا، کە خۆی لە زنجیرەیەک ڕەهەند دەبینێتەوە، وەک: بوونی سەربازی لە باکووری رۆژهەڵاتی وڵاتەکە بۆ تێکشکاندنی بەردەوامی داعش. پشتگیریکردنی ئیدارەی خۆسەر و گفتوگۆی کورد- کورد. بەردەوامبوونی هەڵمەتەکانی سزا ئابوورییەکان لە رێی (یاسای قەیسەر) و فشارە دەرەکییەکان. پەیوەندیی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و ئەورووپی بۆ رێنەدان بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دیمەشق. پاڵپشتیکردنی تورکیا لە باکووری رۆژئاوای سووریا. پاڵپشتیکردنی ئیسرائیل لە بۆردوکانەکانی بۆ سەر پێگەکانی ئێران لە سووریا.

بەرپرسانی ئەوروپی دەڵێن: “جیفری یەکێکە لەوانەی باوەڕی وایە ئەم فشارانە سەرکەوتوو بوونە لە کەڵەکەبوونی تەنگژە ئابوورییەکان و زیادکردنی فشار بۆ سەر رووسیا و نغرۆکردنی لە زەلکاوی سووریادا”. ئەو زیاتر لە جارێک گوتوویەتی، هەڵمەتی ئەوپەڕی فشار بۆ سەر دیمەشق، چەندین ئامانج بەدی دەهێنێ، وەک: بێهێزکردنی دەسەڵاتی ئێران، دەستبەرداربوون لە چەکی کیمیایی، هەڕەشەنەکردن لە دراوسێیەکان، پشتگیرینەکردنی تیرۆر، جێبەجێکردنی بڕیاری 2254 و دەستەبەرکردنی بارودۆخێک بۆ گەڕانەوەی ئاوارە و پەنابەران، جگە لە لێپرسینەوە و سزادان”.

جیفری لە دیداری ماڵئاواییدا بە هاوتا ئەوروپییەکانی راگەیاندووە، سیاسەتی ئێستای ئەمەریکا بەرامبەر بە سووریا بەردەوام دەبێ، بە چاوپۆشیکردن لەوەی دەرەنجامەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا چی دەبن. گوتیشی: “دەتوانم بڵێم، ئەوەی پەیوەندیی بە مانەوەمان لە سووریاوە هەیە، من هیچ گۆڕانکارییەک لە بوونی هێزەکانمان نابینم، هیچ گۆڕانکارییەکیش لە سیاسەتی سزاکانمان نابینم، هیچ گۆڕانکارییەکیش لەدوای خۆمان بۆ چوونەدەری ئێران لە سووریا نابینم، جا ئەگەر لەگەڵ ئیدارەی بایدندا بێت یان لەگەڵ ترەمپ”.

هەروەها بۆ ماڵپەڕی (سیریا دارێکت) گوتیشی: “بەپێی یاسای قەیسەر سزامان بەسەر 75 کەسدا سەپاندووە، بەگوێرەی یاساکانی دیکەش، بینیمان لە بارودۆخێکی دیاریکراودا ئەمە زۆر لۆژیکیترە. ئەمە تەنیا سەرەتایەکە بۆ شەپۆلێک سزای دیکە، جارێکی دیکە، لە کەسە نزیکەکانی ئەسەد دەست پێدەکەینەوە، چونکە ئێمە باوەڕمان وایە، زۆر گرنگە لێپرسینەوە لەگەڵ دەستوپێوەندەکانیدا بکرێ، هەروەها لەگەڵ ئەوانەیش، کە پێکهێنەری ماکینە سەربازیەکەیەتی”.



کۆنگرەی پەنابەران

لەنێو کۆتاکارەکانیدا، کە ئەنجامی دان، ئەو هەڵمەتە بوو بۆ پچڕاندنی پەیوەندیی وڵاتانی ئەورووپی و عەرەبی لەگەڵ (کۆنگرەی پەنابەرە سوورییەکان)، کە بڕیار وایە لە 11 و 12ی ئەم مانگە لە دیمەشق ببەسترێ. بەرپرسانی ئەورووپی دوێنێ گوتیان: “هەوڵەکانی سەرکەوتوو بوون، چونکە وڵاتە ئەورووپییەکان بڕیاریان دا پەیوەندییان بپچڕێنن. هەروەها هەریەکە لە لوبنان و ئوردن دیپلۆماتکاری پلە نزم دەنێرن بۆ ئامادەبوون لە دانیشتنی کردنەوەی کۆنگرەکە، لە کاتێکدا نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە دیمەشق بە نووسراو وەزارەتی دەرەوەی سووریای ئاگادار کردووەتەوە، کە نوێنەریان تەنیا وەک چاودێر ئامادەی کۆنگرەکە دەبێ”. هەروەها جگە لە کوبا و فلیپین و ئەرمینیا و ئێران، ئەوانی تر بەشداریی لە کۆنگرەکەدا ناکەن، ئەمەش جێی نائومێدییە بۆ مۆسکۆ و سەرکەوتنە بۆ واشنتن”.

جیفری سەرۆکایەتیی دانوستانی کردووە لەگەڵ رووسیا، بە سەرۆکایەتیی سێرگی فرچنین (ئێستا بەرپرس نییە لە دۆسێی سووریا لە وەزارەتی دەرەوەی رووسیا)، کە زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لە ڤییەنا و جنێڤ لەخۆ گرت، دوایین گەڕی دانیشتنیان لە مانگی ئابی رابردوودا بوو. ئەو، جەختی کردەوە لەسەر چوونەدەرەوەی تێکڕای هێزە بیانییەکان، کە لەدوای 2011ەوە چوونەتە سووریا، جگە لە رووسیا.

جیفری لە کاتی دەستبەرداربوون لە پۆستەکەی، بۆ (سیریا دارێکت) دووپاتی کردووەتەوە، پێویستە (پارتی کرێکارانی کوردستان pkk) لە سووریا بچنە دەرەوە، کە ئەنقەرە (یەکینەکانی پاراستنی گەل) بە بەشێک لەوان دەزانن لە سووریا. گوتیشی: “دەمانەوێ ببینین کادیرانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە سووریا دەچنە دەرەوە، ئەمە هۆکاری سەرەکیی دڵەڕاوکێیە لەگەڵ تورکیا لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا. دەمانەوێ سنوورێک بۆ ئەو دڵەڕاوکێیە دابنێین، چونکە لە تێکڕای ناوچەکانی دیکە، جگە لە باکووری رۆژهەڵات، سەبارەت بە دۆخی سووریا، هەماهەنگییەکی پتەومان لەگەڵ تورکیادا هەیە”.










باسنيوز



Top