ترەمپ: دەبێ بایدن لە ڕاگەیاندنی وەک سەرکۆمار پەلە نەکات

ترەمپ: دەبێ بایدن لە ڕاگەیاندنی وەک سەرکۆمار پەلە نەکات
بەپێی دوایین زانیارییەکان جیاوازیی دەنگەکانی بایدن لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کاندیدی کۆمارییەکان لە ویلایەتی پنسلڤانیا زیاتر بووە، هاوکات بڕیارە لە ویلایەتی جۆرجیا بەهۆی بوونی ناکۆکی، جارێکی دیکە دەنگەکان بژمیردرێنەوە.

جۆ بایدن لە شاری "ویلمینگتۆن" قسەی بۆ لایەنگرانی خۆی کردووە و گوتوویە کە ئەو سەرەنجام دەبێتە براوەی هەڵبژاردن و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ژنان و پیاوانی ئەمریکی جەوهەری دیموکراسین و دەبێ دان بە خۆماندا بگرین و نابێ ئەوە فەرمۆش بکەین کە ئێم کێین، چونکە سەرەنجام ئەوە دیموکراسییە سەردەکەوێت و کاریگەر و یەکلاکەرەوەیە، جیاوازیی بۆچوون لە دیموکراسیدا سروشتییە و لەوانەیە دژی یەکتر بین، بەڵام خۆ دوژمنی یەکتر نین و هەموومان ئەمریکین".

هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە جۆ بایدن خۆی ئامادە دەکات کە سەرکەوتنی کۆتایی خۆی ڕابگەیەنێت، کەچی جیاوازیی دەنگەکانیان لە پنسلڤانیا گەیشتووەتە ٢٧ هەزار دەنگ و لە جۆرجیاش بە هەزار دەنگ لە پێش دۆناڵد ترەمپەوەیە. هاوکات لە ئاریزۆنا و نواداش ڕەوشێکی وەها لە گۆڕێدایە، بە جۆرێک کە جیاوازیی دەنگی کانیدی دیموکراتەکان لە کۆمارییەکان لە ئاریزۆنا نزیکەی ٣٠ هەزار و لە ویلایەتی "نوادا"ش ٢٢ هەزار کەسە.

سەرەڕای ئەم بارودۆخە، دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێکدا خۆشحاڵیی خۆی دەربڕیوە کە تیمی یاسایی ئەو لەڕێگەی دادگاوە دەستیان بە بەدواداچوون و سکاڵا کردووە و هاوکات داوای لە جۆ بایدن کردووە کەلە ڕاگەیاندنی سەرکەوتن خۆ ببوێرێت و پەلە نەکات و دیسان پێداگری لەسەر هەڵوێستی پێشووی خۆی کردووەتەوە کە دیموکراتەکان لە هەڵبژاردندا ساختەکارییان کردووە.

دۆنالد ترەمپ ئاماژەی بەوەش کردووە، ئێمە سەرەنجام ڕاستی و دروستیی پرۆسەی هەڵبژاردنمان بۆ دەردەکەوێت.

بەپێی زانیاریەیەکانی تۆڕی میدیایی (BBC) دوێنێ کۆشکی سپی لە کەش و دۆخێکی نائارام و نائاساییدا بووە و بەشێک لە فەرمانبەر و کارمەندان لەسەر کارەکانیان ئامادە نەبوون و هاوکات دۆنالد ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر چەند تویتێکی توند و پڕ هەڕەشەی بڵاو کردووەتەوە.





باسنيوز
Top