دانیمارک ملیۆنان فسۆس بەهۆی گواستنەوەی جۆرێکی نوێی کۆرۆناوە دەکوژێت
یێپ کۆفۆد، وەزیری دەرەوەی دانیمارک لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "هەموو فسۆسەکان لەناو دەبەین بەوانەیشەوە کە تەندروستن."
وەزیری دەرەوەی دانیمارک باسی لەوە کرد، "ئێمە پێمانباشە هەنگاوێک دوورتر بڕۆین، نەک ئەوەی هەنگاوێک کەمتر بۆ شەڕی کۆرۆنا بنێین. ولاتانی سکەندەناڤیا نە کاردانەوەیان قورس بووە نە بڕیاریشیان بە سانایی داوە."
بەرپرسانی تەندروستیی دانیمارک دەڵێن، "تاوەکو رۆژی پێنجشەممە 2020/11/05 216 کێڵگەی بەخێوکردنی فسۆس لە دانیمارکدا ڤایرۆسەکەیان تێدا بڵاوبووەتەوە و هەموو ئەو فسۆسانەی ماون بە گوێرەی رێنماییەکانی چاودێریی ئاژەڵان لەنێو دەبرێن."
بە گوتەی بەرپرسانی دانیمارک، ئەو وڵاتە بە کۆی گشتی 300 کێڵگەی بەخێوکردنی فسۆسی هەیە.
پێشتر رێکخراوی تەندروستیی جیهانی گوتی کە چاودێریی بازدانی بۆهێڵە بۆماوەییەکانی ڤایرۆسەکە لەو گیانلەبەرەدا دەکات کە مایەی "نیگەرانییە،" بەڵام ئەوە زۆر زووە بۆ ئەوەی بگوترێت کە ئاخۆ مەترسی لەسەر مرۆڤ دروست دەکات یان کاریگەریی ڤایکسینە چاوەڕوانکراوەکە لاواز دەکات.
د. مایک ریان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بەرنامەی فریاگوزاریی لەناکاوی تەندروستی لە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایگەیاند، "ئەمە جیهانگرەوە و ملیۆنان کەس تووش بوون، ملیۆنان ئاژەڵیش رووبەڕووی تووشبوون بوونەتەوە."
د. مایک ریان باسی لەوەش کرد، "ئێستاکە ئەو بەڵگانەی هەمانن پێشنیازی ئەوە ناکەن کە ئەم شێوە جیاوازە بە جۆرێک لە جۆرەکان جیاواز بێت لەو شێوازەی هەڵسوکەوتی کردووە ... هێشتا هەمان ڤایرۆسە."
ژمارەی ئەو فسۆسانەی دانیمارک دەیانکوژێت زیاتر لە 17 ملیۆنە، ئەوەش بۆ پاراستنی مرۆڤ لەو ڤایرۆسی کۆرۆنایەی لە بۆهێڵەکەیدا بازدان رووی داوە کە بەرپرسانی تەندروستیی ئەو وڵاتە گوتوویانە، دەکرێت زیاتر دژی ڤاکسینەکەی داهاتوو بوەستێتەوە.
تیرا کراوس، پسپۆڕی باڵای تەندروستیی گشتی لە پەیمانگەی سێرومی دانیمارک دەڵێت، ئەو دەسەڵاتەی بۆهێڵە بازدەرەکەی دیاریکردووە گوتووشیەتی کە پێویست بە لێکۆڵینەوەی زیاتر هەیە، ئەنجامە سەرەتاییەکانیش پیشانی دەدەن "ئەم جۆرە جیاوازە هەستیارییەکی کەمی بۆ دژەتەنەکان هەیە کە دەکرێت کاریگەریی ڤاکسینە چاوەڕوانکراوەکە کەمبکاتەوە."
کراوس پێشبینیی ئەوە دەکات "لەم هەفتانەی دواییدا ژمارەی تووشبووان بەم ڤایرۆسە بازدەرە زیادببێت" کە تاوەکو ئێستا 12 تووشبوون.
لە راپۆرتێکدا کە رۆژی سێشەممە بڵاوبووەوە، پەیمانگەکە گوتی کە تاقیکردنەوەکان پیشانی دەدەن کە جۆرە نوێیەکەی ڤایرۆسەکە لە پرۆتینی هێشووییدا بازی داوە کە لە خانە ساخەکاندا دەتەنێتەوە و تووشیان دەکات. ئەوەیش مەترسی لەسەر ڤاکسینی داهاتووی ڤایرۆسی کۆرۆنا دروست دەکات کە پشت بە لەکارخستنی پرۆتینی هێشوویی دەکات.
د. مایک ریان کە لە رێکخراوی تەندروستیی جیهانییە گوتی، ئاژەڵە شیردەرەکانی وەک فسۆس "خانەخوێی زۆر باشن" بۆ ڤایرۆسەکە، لایەنە تەندروستییەکان هێشتا "زۆر زۆر دوورن" لە دەستنیشانکردنی هەر کاریگەرییەکی بازدانەکە لەسەر ڤاکسینەکە.
مانگی تشرینی یەکەمی 2020 دین تایلەر، پزیشکی ڤێرتێرنەری بە کەناڵی ئێن بی سیی گوتووە، "لە ئەمریکا نزیکەی 10 هەزار فسۆس لە نۆ کێڵگەدا لە یوتا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە مرداربوونەتەوە."
بە لێکۆڵینەوە لە تەشەنەسەندنی ڤایرۆسەکە، مرداربوونەوەی ئەو ئاژەڵانە وایکرد ئەو کێڵگانەی ڤایرۆسەکە زیانی لێدابوون کەرەنتین بکرێن.
rudaw -
