بازاڕەکانی بۆرسە گەشبینن بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا
بازاڕەکانی بۆرسەی ئەمریکا هەناسەیەکی ئارامیان هەڵکێشا کاتێک کە بۆیاندەرکەوت پێکهاتەی کۆنگرێسی ئەمریکا لە ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پیران زۆرینەیان لە دەستی دوو پارتی جیاواز، دیموکرات و کۆماریەکان ماونەتەوە.
بازاڕەکانی بۆرسەی ئەمریکا بەتووندی نیگەرانی ئەوە بوون کە دیموکراتەکان هەردوو بەشی کۆنگرێس، واتە ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پیران ببەنەوە، ئەوەش ببووە دێوەزمەیەک کە وایکرد رۆژێک پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەهای پشکەکان بە رێژەیەکی بەرچاو دابەزن.
ئێستا لەگەڵ ئاشکرابوونی دەنگەکان و ژماردنی دەنگی زیاتر، بە ئەگەری زۆرەوە کۆمارییەکان زۆرینەی ئەنجوومەنی پیران بەدەستدێنن. بازرگانان پێیانوایە هەرچەندە زۆرینەی ئەنجوومەنی نوێنەران بەدەستی دیموکراتەکانە، بەڵام زۆرینەی کۆماری لە ئەنجوومەنی پیران دەتوانن بە ئاسانی رێگری بکەن لە سەپاندنی سیاسەتە ئابوورییەکانی جۆ بایدن، ئەگەر کورسیی سەرۆکایەتییەکەی بۆ یەکلایی بووەوە.
بازرگانان و بازاڕی ئەمریکا پێیانوایە تاوەکو ئێستا بەپێی ژماردنی دەنگەکان "بە ئەگەری زۆرەوە" جۆ بایدن سەرۆکی داهاتووی ئەمریکایە و هەرچەندە نیگەرانی سیاسەتی جۆ بایدنن کە بەنیازە باج بەرزبکاتەوە، بەڵام دڵیان بە ئەنجوومەنی پیران خۆشە کە رێگری بکات لە جێبەجێکردنی ئەو سیاسەتەی بایدن.
بەرزکردنەوەی باج لەلایەن سەرۆکی نوێی ئەمریکا پێویستی بەوەیە کە وەکو یاسا لە هەردوو ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پیران دەنگی لەسەر بدرێت و پاشان دوای پەسندکردنی لەلایەن سەرۆکی ئەمریکاوە دەتوانێت بڕواتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام بە زۆرینەی کۆماری لە ئەنجوومەنی پیران دەکرێت ئەو پرۆژەیاسایە بلۆک بکرێت.
لە ماوەی چوار ساڵی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ، هەر لە ساڵی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەی باجی بە رێژەی 30% لەسەر کۆمپانیاکان کەمکردەوە و ئەوەش بووە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەهای پشکەکان لە بازاڕەکانی بۆرسەی ئەمریکا، بەچەشنێک کە بەهای پشکەکان بە رێژەی 65% بەرزبوونەتەوە.
جۆ بایدن بە پێچەوانەوە دەڵێت، باج بەرزدەکاتەوە. پێشتر لە گوتارەکانیدا رایگەیاندووە، هەر کەسێکی ئەمریکی کە داهاتەکەی ساڵانە لە سەرووی یەک ملیۆن دۆلار بێت ئەوا رێژەی باجی لەسەر داهاتی ئەو کەسە لە 20%ـی ئێستا بەرزدەکاتەوە بۆ 39.6%.
جۆ بایدن هەروەها بەڵێنیداوە باجی سەر کۆمپانیاکان کە ئێستا 21%ـە بەرزبکاتەوە بۆ 28%، ئەوەش کاریگەریی زۆر نەرێنی دەکاتە سەر داهات و قازانجی کۆمپانیاکان کە رەنگدانەوەی دەبێت لەسەر دابەزاندنی پشکەکانی ئەو کۆمپانیانە.
ترۆی گایسکی، شرۆڤەکاری بازاڕەکان سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی سکای برێج لەو بارەیەوە دەڵێت، "بازاڕەکان ئێستا ئاسوودەن، ئەوان دەزانن کە بەم زووانە باجی سەر کۆمپانیاکان بەرزنابێتەوە".
هاوکات بۆلڤین وێلس، سەرۆک و دامەزرێنەری کۆمپانیای گینا بۆلڤین لەوبارەیەوە دەڵێت "تەنانەت ئەگەر جۆ بایدن ببێتە سەرۆکی ئەمریکا زۆر ئەستەمە بۆی بتوانێت پرۆژەیاسای بەرزکردنەوەی باج بسەپێنێت". وێلس زیاتر دەڵێت و ئاماژە بەوە دەکات، بازاڕە داراییەکان کۆنگرێسێکی دابەشبوویان زۆر بەدڵە، چونکە دەزانن ئەستەمە دژی بەرژەوەندییەکانی ئەوان کۆدەنگییەک دروستبێت کە یاسا و رێسایەکی لێبکەوێتەوە قازانجەکانیان دابەزێنێت.
rudaw -
