رۆژنامەیەک: لەبەر چەند هۆکارێک راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا دوادەکەوێت
ترەمپ داوای راگرتنی جیاکردنەوەی دەنگەکانی هەردو ویلایەتی مێشیگان و پەنسلڤانیای کر
شەوی رابردو جۆ بایدن، پاڵێوراوی دیموكراتەكانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی وڵات و ركابەری دۆناڵد ترەمپ، پاڵێوراوی كۆمارییەكان، لەمیانی لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەنوسان وتی "بە زۆرترین ژمارەی دەنگ لە مێژوی ویلایەتە یەكگرتوەكان، لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا سەركەوتودەبین"، لای خۆیەوە ترەمپ داوای راگرتنی جیاکردنەوەی دەنگەکانی هەردو ویلایەتی مێشیگان و پەنسلڤانیای کرد.
پێدەچێت راگەیاندنی کۆتایی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا چەند رۆژ و هەفتەیەک دوابکەوێت
رۆژنامەی گاردیانی بریتانی لە راپۆرتێکدا ئاماژە بەوە دەکات، پێدەچێت راگەیاندنی کۆتایی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا چەند رۆژ، هەفتە و تا مانگێکی دیکەش دوابکەوێت ئەویش لەبەر ئەم هۆکارانە:
یەکەم:
زیاتر لە 68٪ دەنگدەران لە زۆرێک لە ویلایەتەکان بەپۆستە و پێشوەخت دەنگیانداوە، جیاکردنەوەی ئەو دەنگانەش پێویستی بەکاتی زیاتر هەیە چونکەی پێویستە پشکنین بۆ واژۆی دەنگدەران و زانیاری کەسیان بکرێت، ئەوەش کاتێکی زیاتری دەوێت.
دوەم:
بەشێوەیەکی گشتی دوای کۆتاییهاتنی دەنگدان، دەستدەکرێت بە جیاکردنەوەی دەنگەکان و راگەیاندنی ئەنجامەکان بەشێوەیەکی نافەرمی، بەڵام لەهەندێک ولایەت راستەوخۆ دەستنەکراوە بە جیاکردنەوەی دەنگەکان.
سێیەم:
تائێستا ئەنجامی پێنج ویلایەت کەئەنجامەکان یەکلایی دەکەنەوە رونین ئەوانیش: ئالاسکا، پەنسلڤانیا، جۆرجیا، کارۆلینای باکور و نیڤادا
چوارەم:
زیاتر لە نیوەی ویلایەتەکان تا رۆژی هەڵبژاردن، کاریانکردوە بە سیستەمی دەنگدانی پێشوەخت، ئەوەش وایکردوە جیاکردنەوەی ئەنجامەکان لە ویلایەتێکی وەک پەنسلڤانیا بۆ رۆژی هەینی دوابکەوێت.
پێنجەم:
باسکردن لە راگرتنی جیانکردنەوەی دەنگەکان و دوبارە بژاردنەوەی ئەنجامەکان کە تیمی کۆمارییەکان داوای دەکەن، مانای وایە ئەنجامی کۆتایی تا چەند هەفتەیەکی دیکەش دوادەکەوێت.
بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا جۆ بایدن کاندیدی دیموکراتەکان تائێستا رێژەی دەنگ و کورسییەکانی لە ئەنجومەنی هەڵبژاردن پێش رکاربەرەکەی کەوتوە، بەجۆرێک تائێستا 253 کورسی بەدەستهێناوە و دۆناڵد ترەمپ کاندیدی کۆمارییەکانیش 214 کورسی مسۆگەرکردوە، بۆ یەکلاییبونەوەی ئەنجامەکانیش هەرکام لەو دو کاندیدە پێویستە زیاتر لە 270 کورسی لە ئەنجومەنی هەڵبژاردن مسۆگەر بکەن.
خەندان
