جۆ بایدن: دڵنیاین سەرکەوتوو بووین
جۆ بایدن دەڵێت، سەرکەوتن راناگەیێنێت، بەڵام دەڵێت، "دڵنیاین سەرکەوتن بەدەستدەهێنین". کە سەرکەوتنیش بەدەستدەهێنێت، واتە "هەموو ئەمریکا سەرکەوتوون".
بایدن کە جەخت دەکاتەوە کە خۆی و کامالا هاریسی جێگری بەردەوامن لە بردنەوەی دەنگەکان بەشێوەیەک کە هیچ بەربژێرێکی سەرۆکایەتیی ئەمریکا ئەوەندە دەنگی نەبردبێتەوە.
هێشتا پرۆسەی جیاکردنەوە و ژماردنی دەنگەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەردەوامە، بەپێی داتاکانی ئاژانسی فرانس پرێس، بایدن 248 کورسی مسۆگەرکردووە و دۆناڵد ترەمپیش 214 کورسی، رکابەرییەکی تووندیش لەسەر ویلایەتەکانی میشیگن، پێنسلڤانیا، نۆرس کارۆلاینا، ئالاسکا و جۆرجیا تووندن.
بایدن لە گوتارەکەیدا بەڵێنی دا کە "ویلایەتی سوور و شین" نامێنێت لە وڵات، کە ئاماژەیە بۆ جیاوازیی کۆماری و دیموکراتەکان، دەڵێت، دەبێتە سەرۆکی هەموو ئەمریکا و بەتەنیا "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەمێنێت".
بایدن جەختی کردەوە کە دەبێت هەموو دەنگەکان هەژمار بکرێن، ئەوکات سەرکەوتن رادەگەیێنێت، کە بە بڕوای خۆی "سەرکەوتوو دەبن کاتێک هەژمارکردنی دەنگەکان کۆتایی دێت". دەشڵێت، خۆیان بەدەستەوە نادەن.
تیمی هەڵبژاردنی بایدن رایانگەیاندووە، چاوەڕوان دەکەن ویلایەتی میشیگن ببەنەوە، لەکاتێکدا فۆکس نیوز رایگەیاندووە، ئەو ویلایەتە بۆ بایدن یەکلایی بووەتەوە، بەڵام هێشتا داتاکانی رووداو کە پشت بە ئاژانسی رۆیتەرز دەبەستێت، پشتڕاستی نەکردووەتەوە.
rudaw -
