ترەمپ: لە سەرکەوتن نزیک ببووینەوە لەناکاو هەموو شتێک گۆڕدرا

ترەمپ: لە سەرکەوتن نزیک ببووینەوە لەناکاو هەموو شتێک گۆڕدرا
لە حاڵێکدا پرۆسەی ژماردنی دەنگەکانی پەنجا و نۆیەمین خولی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا هێشتا بەردەمەوامە، دۆناڵد ترەمپ سەرکۆماری ئەمریکا و کاندیدی کۆمارییەکان ڕای گەیاند لە حاڵێکدا لە سەرکەوتن نزیک دەبووینەوە، لەناکاو هەموو شتێک گۆڕدرا.

ئەمڕۆ چوارشەممە دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێکدا لە کۆشکی سپی ئاشکرای کرد: "ئێمە خۆمان بۆ سەرکەوتن لە هەڵبژاردن ئامادە دەکرد، تا ئەو جێگەی پێوەندیی بە منەوە هەیە، ئێمە بردوومانەتەوە".

دۆناڵد ترەمپ هاوکات ڕەخنەی لە شێوازی ژماردنی دەنگەکان گرت و گوتی: "ئێمە خەریک بووین بۆ جەژنی سەرکەوتن ئامادەکاریمان دەکرد، خەریک بوو بە یەکجاری بیبەینەوە، بەڵام لەناکاو هەموو شتێک گۆڕدرا".

سەرکۆماری ئەمریکا بە سەرکەوتنی خۆی لە ویلایەتە سەرکییەکان ئاماژەی کرد و گوتی: "لەو ویلایەتانەی کە چاوەڕوان نەبووین، ئێمە براوەین و تەنانەت بە جیاوازییەکی زۆریش لە پێشەوە بووین، بۆ وێنە ویلایەتە گەورەکانی ئۆهایۆ و تەگساس".

دۆنالد ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد: "لە سێ ویلایەتی چارەنووسسازی وەک پێنسلڤانیا، میشیگان و ویسکانسن ئێمە لە پێشەوە بووین، بەڵام لەناکاو دیار نییە چی ڕووی دا. هەموو شتێک ڕاگیرا".

هەتا ئێستا و لە دوێنێ دووشەممە لەکۆی ٥١ ویلایەتی ئەمریکا ٤١ ویلایەت پرۆسەی دەنگدان تێیاندا تەواو بووە و تەنیا ١٠ ویلایەت ماوە کۆتایی بێت و بە گوێرەی نوێترین زانیارییەکان کە لە ناوەندەکانی چاودێریی پرۆسەی هەڵبژاردن و ژماردنی دەنگدان بڵاو کراوەتەوە، جۆ بایدن، کاندیدی دیموکراتەکان بە مسۆگەرکردنی ٢٢٤ کۆرسیی کۆنگرێس لە پێشەوەیە و دۆناڵد ترەمپ کاندیدی کۆمارییەکانیش تا ئێستا ٢١٣ کورسیی کۆنگرێسی بەدەست هێناوە.

بەپێی یاسا هەرکام لە کاندیدەکان بتوانن ٢٧٠ کورسیی کۆنگرێس بەدەست بهێنن دەبنە براوەی هەڵبژاردن و وەک سەرکۆماری نوێی ئەمریکا هەڵدەبژێردرێت.

هەرچەند هەرکام لە جۆ بایدن و دۆناڵد ترەمپ هەتا ئێستاش هەرکامەیان خۆیان بە براوەی پرۆسەی هەڵبژاردن دادەنێن، بەڵام چاودێرانی سیاسی و ناوەندە سیاسییەکان و دەزگاکانی پرۆسەی هەڵبژاردن لەو باوەڕەدان هاوکات لەگەڵ ژماردنی پرۆسەی دەنگەکان لەو دە ویلایەتە بێگومان ئەنجامەکان گۆڕانکارییان بەسەردا دێت و هەتا ئێستا بە روونی دیار نییە براوەی سەرکیی پەنجاو نۆیەمین خولی هەڵبژاردنی ئەمریکا کام یەک لە کاندیدەکانن.












باسنيوز


Top