ئەردۆغان دوو وەزیری كابینەكەی دەگۆڕێت
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی لە رۆژنامەیەكی توركیا بڵاو كراونەتەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان بەرلە بەڕێوەبردنی كۆنگرەی پارتەكەی، دەیەوێت گۆڕانكاری لە كابینەی حكوومەتدا بكات و، باسیش لە گۆڕینی سێ وەزیر دەكرێت، لە ناویاندا وەزارەتی ناخۆیە.
رۆژنامەی (جومهوریەت)ی توركی بڵاوی كردووەتەوە، ئەردۆغان خەریكی ئامادەكارییە بۆ سازدانی كۆنگرەی پارتەكەی (AKP)، بەڵام دەنگۆیەكی بەهێز هەیە بەرلە كۆنگرەكە، دوو وەزیری كابینەكەی بگۆڕێت و كەسانی تازە بهێنێتە پێشەوە.
لە هەواڵەكەدا هاتووە، سولەیمان سویلو وەزیری ناوخۆی توركیا دەگۆڕدرێت، چونكە زۆر توندە بەرامبەر بە كورد و، ئەردۆغان بەو هەنگاوەی دەیەوێت دەنگی كوردانی باكوور بۆ لای خۆی رابكێشێت.
هەروەها نێوانی سویلو لەگەڵ بەرات ئالبەیراك وەزیری دارایی و ئابووریی توركیا و لە هەمانكاتدا زاوای ئەردۆغان باش نییە، بۆیە ئەردۆغان دەیەوێت ئەو كێشەیە بە لادانی سویلو چارەسەر بكات.
بە گوێرەی زانیارییەكانی (جومهوریەت)، دوو وەزیرەكەی تریش، وەزیری داد و وەزیری گەشتوگوزاری توركیایە، كە دوو كەسی تازە و گەنج دەهێنێتە پێشەوە و لە شوێنی ئەو دوو وەزیرەیان دادەنێت.
باسنيوز
