دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەمریكا دەستی پێكرد

دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەمریكا دەستی پێكرد
دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەمریكا لە 43 ویلایەتی وڵاتەكە دەستی پێكرد، كە واشنتۆنی پایتەختیش دەگرێتەوە.

كاتژمێر 11:00ی ئەمڕۆ بە كاتی گرینچ دەنگدانی راستینە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەمریكا دەستی پێكرد، ئەمەش دەمودەست لەگەڵ كردنەوەی دەرگاكانی بنكەكانی دەنگدان بوو لە پێنج ویلایەتی ئەمریكا، كە نیویۆرك، نیوجێرسی، فێرگینیا، كۆنیتێكت و ماین دەگرنەوە، دواتریش بنكەكانی دەنگدان لە 38 ویلایەتی تر دەستی پێكرد، بە شاری واشنتۆنی پایتەختیشەوە.

ئەم هەڵبژاردنە پەنجاونۆیەمین خولی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکایە و تا شەوی ڕابردوو بانگەشەی هەڵبژاردن لەناو لایەنگرانی هەردوو ڕکابەر دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا و كاندیدی کۆمارییەكان و جۆ بایدن ڕکابەر و كاندیدی دیموکراتەكان بەردەوام بوو.

هەردوو کاندیدی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریکا دوێنێ دووشەممە بۆ بانگەشە سەردانی چەند ویلایەتێکی هەستیاری وەک پێنسلڤانیا، کارۆلینای باکوور، ویسکانس، میشیگان و ئۆهایۆیان کرد، تا باوەڕ بە خەڵکەكەیان بێنن و ژمارەی لایەنگر و دەنگەکانیان بەرز بکەنەوە.

بەپێی دوایین پێشبینی و ڕاپرسییەکان، هێشتا هەروەک مانگی ڕابردوو جۆ بایدن کاندیدی دیموکراتەکان بە ڕێژەیەکی زۆر لە پێش دۆناڵد ترەمپی سەرۆكەوەیە، بەڵام وێڕای بوونی ئەو جیاوازییەش هێشتا زووە بۆ ئەوەی بڕیار لە بارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکەوە بدرێت، چونکە چەند ویلایەتێکی سەرەکی و چارەنووسساز ئەنجامەکە یەکلا دەکەنەوە.












باسنيوز

Top