بۆریس جۆنسن: ئەگەر کارێک نەکەین ژمارەی مردوانی کۆرۆنا هاوشێوەی پێشتر زۆردەبن
بۆریس جۆنسن، سەرۆک وەزیری بریتانیا لەوتارێکدا لەبەردەم پەرلەمانی وڵاتەکەی لەبارەی بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ رایگەیاند، "تاقیکردنەوە و نمونە زانستیەکان دەریدەخەن ئەگەر هیچ کارێک نەکرێت بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ڤایرۆسەکە، ئەوا دەکرێت لە زستاندا ژمارەی گیان لەدەستدانەکان بگەنە هێندەی ئەو ژمارەیەی کە لە شەپۆلی یەکەمی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەکەدا تۆمارکراون، بەم نزیکانە نەخۆشخانەکان دەگەنە ئەوپەڕی توانایان".
داوای لێبوردن دەکەم لەسەر ئەو قورساییەی کە ئەم رێوشوێنانە دروستی دەکەن لەسەر خەڵک
ئاماژەی بەوەشکرد، "بەڕاستی داوای لێبوردن دەکەم لەسەر ئەو قورساییەی کە ئەم رێوشوێنانە دروستی دەکەن لەسەر خەڵک، بەتایبەتی لەسەر ئەو دامەزراوە ئابورییانەی کە ماوەیەکی کەمە هاوسەنگی خۆیان پەیداکردوەتەوە، بەڵام ئێستا رون و ئاشکرایە کە دەبێت هەمومان هەوڵی زیاتر بدەین".
بۆریس جۆنسن، سەرۆک وەزیرانی بریتانیا قەدەغەی تەواوەتی لە وڵاتەکەدا بۆ ماوەی چوار هەفتە راگەیاند
31ی مانگی رابردو، بۆریس جۆنسن، سەرۆک وەزیرانی بریتانیا قەدەغەی تەواوەتی لە وڵاتەکەدا بۆ ماوەی چوار هەفتە راگەیاند، ئەوەش بەهۆی تەشەنەی خێرای ڤایرۆسی کۆرۆنا، کە تا ئێستا ژمارەی توشبوان و گیانلەدەستدان بەرزدەبنەوە.
بەپێی ئامارەکان، تا ئێستا ملیۆنێک و 53 هەزار و 864 کەس لە بریتانیا توشی کۆرۆنا بون، 46 هەزار و 853 کەس گیانیان لەدەستداوە.
خەندان
