جیاوازیی بەرنامەی کۆماری و دیموکراتەکانی ئەمریکا

جیاوازیی بەرنامەی کۆماری و دیموکراتەکانی ئەمریکا
گۆڕەپانی سیاسیی ئەمریکا لەلایەن دوو پارتی سەرەکییەوە قۆڕخکراوە: پارتی کۆماری کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەربژێریەتی بۆ هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئەمساڵ و پارتی دیموکرات کە جۆ بایدن نوێنەرایەتیی دەکات.

لە ئەمریکا چوار ساڵ جارێك هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی دەکرێت و هەر پارتێک براوەی هەڵبژاردنەکە بێت، دەسەڵات وەردەگرێت و ئیدارەدانی وڵات بە گوێرەی بەرنامە و فەلسەفەی پارتەکەی دادەڕێژێت.

پارتی کۆماری پارتێكی نەریتخوازە، لە بەرامبەردا پارتی دیموکرات پارتێكی لیبراڵە. هەر پارتێک لەوانە چوار ساڵ جارێک لە کۆنگرەی گشتییاندا بەرنامە سیاسی و ئابوورییەکانیان پەسند دەکەن و تێیدا بنەما و ئامانجەکانیان دەستنیشان دەکەن.

باراک ئۆباما کە دیموکرات بوو لەنێوان ساڵانی 2008 و 2016دا سەرۆکایەتیی ئەمریکای کرد و تێیدا کاری لەسەر چەند خاڵێک کرد.


بنەما سەرەکییەکانی پارتی دیموکراتی ئەمریکا:

- کەمکردنەوەی خەرجییە سەربازییەکان
- زیادکردنی باج لەسەر چینی دەوڵەمەند
- کەمکردنەوەی باج لەسەر ئەو خێزانانەی کە ساڵانە کەمتر لە 250 هەزار دۆلار داهاتیان هەیە
- هاوکاریکردنی کۆچبەرە نایاساییەکان
- دڵنیایی تەندروستی بۆ هەژاران
- رێگەدان بە لەباربردنی کۆرپەلە
- رێگەدان بە هاوسەرگیریی هاوڕەگەزەکان
- رێگەدان بە کڕین و هەڵگرتنی چەک، بەڵام بە مەرجی ژیریی خاوەنەکەی

"باراک ئۆباما، سەرۆکە رەشپێستە دیموکراتەکەی ئەمریکا دوای 8 ساڵ لە دەسەڵاتی پڕ لەشەڕوپێکدادانەکانی جۆرج بوشی کوڕ هات و لەماوەی 8 ساڵی سەرۆکایەتیدا پێچەوانەی سەرۆکە دیموکراتەکانی پێش خۆی سیاسەتی هێرشبردن بۆ بەرگریکردنی گرتەبەر و ئۆپەراسیۆنی سەربازیی سنوورداری لە لیبیا دژی دەسەڵاتی قەزافی، هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دژی قاعیدە لە یەمەن و پێکهێنانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە عێراق و سووریا جێبەجێکرد".

لە 20ـی مانگی یەکی ساڵی 2017دا کۆمارییەکی بازرگان دەسەڵاتی کۆشکی سپیی لە ئۆباما وەرگرت و دەستی بە جێبەجێکردنی پرەنسیپەکانی خۆی و پارتەکەی کرد.

دۆناڵد ترەمپ، 45ـەمین سەرۆکی ئەمریکا، بە یەکێک لە کۆمارییە هەرە نەریتخوازەکان دادەنرێت کە لە 4 ساڵی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەییدا زیاتر لە هەر سەرۆکێکی دیکەی کۆماری نەریتخوازبوونی پارتەکەی پیشانداوە.

بڕیارەکانی ئیدارەی ترەمپی کۆماری:

- پێشنیازی بودجەی سەربازی بە زیاتر لە 740 ملیار دۆلار بۆ ساڵی 2021 کە گەورەترینە لەدوای جەنگی جیهانیی دووەم
- کشانەوە لە رێککەوتنی کەمکردنەوەی چەکی ئەتۆمی لەگەڵ رووسیا
- کشانەوە لە رێککەوتنی ئەتۆمی و زیادکردنی گوشارەکان لەسەر ئێران
- دەرکردنی یاسای باج و کار و لەسەر ئەو بنچینەیە باجی سەر دەوڵەمەندەکانی کەمکردەوە
- دروستکردنی دیواری مەکسیک بۆ رێگریکردن لە چوونی کۆچبەرانی نایاسایی و تووندترکردنی پێدانی ڤیزە بە ژمارەیەک لەو وڵاتانەی زۆرینەی دانیشتووانیان موسوڵمانن
- پێدانی دڵنیایی تەندروستی بە گوێرەی ئەو پارەیەیە کە هەموو خێزانێک مانگانە دەیدات
- لەباربردنی کۆرپەلەکان بە تەواوەتی قەدەخەیە
- هاوسەرگیریی هاوڕەگەزەکان رەتکراوەیە
- کڕین و هەڵگرتنی چەک مافی هەموو کەسێكە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گوتی، "ئەگەر جۆ بایدن بە سەرۆک هەڵبژێردرێت، ئەوا دادوەرێكی چەپی پەڕگیر لە دادگەی باڵا دادەنێت و مافی هەڵگرتنی چەک لەناو دەبات و کەس ناتوانێت چەک هەڵبگرێت."

لە مێژووی سیاسیی ئەمریکادا هەمیشە خواستێک لە نزیکەی هەموو سەرۆکێکی ئەو وڵاتەدا هەیە بۆ تۆمارکردنی شەڕێکی سەربازی، هاویشتنی مووشەکێک، بۆردومانی ناوچەیەک یان کوشتنی دوژمنێك.

ئێستاش کە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئەمریکا لەسەر دووڕیانی نێوان کۆماری و دیموکراتەکانە، چاوەڕێ دەکرێت لە کۆشکی سپیدا چ ترەمپی تێدا بێت یان بایدن گۆڕانکاری لە سیاسەتە ناوخۆیی و دەرەکییەکان بکرێت.
rudaw -
Top