ئەردۆغان: لە هەر شوێنێک شەهیدمان دا ئەو ناوچەیە خاکی ئێمەیە
هەروەها سەرۆککۆماری تورکیا باسی لە بوونی سوپای وڵاتەکەی لە دەرەوەی سنوورەکانی تورکیا کرد و گوتی، "ئێمە لە سووریا و لیبیا هەین؛ لە ئازەربایجان لەگەڵ براکانمانداین."
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، "لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، لە هەوڵی کودەتا، لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئەودیو سنووردا شەهیدمان دا. لە ئیدلب و عەفرین شەهیدمان دا. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا براکانم، ئێمە لە چڵەزەیتووندا شەهیدمان دا، لە ئۆپەراسیۆنی چڕنووکدا شەهیدمان دا، بەڵام ئەمەتان بیرنەچێت کە هەر شەهیدێک بۆ ئێمە مانای بەنیشتمانبوونی ئەو خاکەیە."
لە هۆڵی کۆنگرەکەدا درووشمی ''تورکیای گەورە'' هەڵواسرابوو و ئاماژە بە ئامانجەکانی 2023، 2053 و 2071 کرابوو. ئەردۆغان باسی لەوە کرد کە ئەوان لە هەموو ئۆپەراسیۆنێکدا قوربانی دەدەن، لەمەودواش لەسەر سیاسەتەکەیان بەردەوام دەبن.
تورکیا رۆژی 20ـی کانوونی دووەمی 2018 لە ئۆپەراسیۆنێکدا بە ناوی "چڵەزەیتوون" هێرشی کردە سەر عەفرینی رۆژئاوای کوردستان و دوای نزیکەی دوو مانگ کۆنترۆڵیکرد.
رۆژی 9ی تشرینی یەکەمی 2019 لە ئۆپەراسیۆنێکدا بە ناوی "کانیی ئاشتی" هێرشی کردە سەر گرێسپی و سەرێکانی لە رۆژئاوای کوردستان. ئەو ئۆپەراسیۆنانە بە هاوکاریی چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی سووریی نزیک لە تورکیا بەڕێوەچوون و ئێستا سەربازانی تورکیا لەو شوێنانەدا جێگیرن.
rudaw -
