یۆنان سەركۆنەی بڕیاری توركیا لە بارەی درێژكردنەوەی كنە لە رۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاست دەكات
وەزارەتی دەرەوەی یۆنان رایگەیاند، جێگای داخە توركیا ئاگادارییەكی نوێی دەرخستووە لە رێگای تیلێكسی دەریاوانی نێودەوڵەتی "نافتكس" وبە پێی ئەوە ئاگادارییە ئەركی "عروج رەئیس" لە ناوچەیەكی باشووری دورگەی "رۆدس"ی یۆنانی تا 14ی تشرینی دووەم درێژكردووەتەوە.
لە راگەیاندراوەكەدا ئاماژەكراوە، كاری كنەی توركیا لە ناوچەیەكی ئاوی ههرێمایهتی یۆنان ئەنجامدەدرێت و ئەو كنەیە ھەنگاویكی نایاساییە.
وەزارەتی دەرەوەی یۆنان ھۆشداریشدا لەوەی ئەم كارانە گرژی لە ناوچەكەدا زیاد دەكات، لە كاتێكدا "ئەو ناوچەیە پێویستیی بە پێشكەشكردنی یارمەتی و ھاوكاری ھەیە، وەك ئاماژەیەك بۆ ئەو بۆمەلەرزە بەھێزەی لەم دواییە لە ناوچەی ئیجە روویدا و زیانێكی گەورەی بە یۆنان و توركیا گەیاند".
لەراگەیاندراوەكەدا ھاتووە: ئەم بڕیارەی ئەو دواییەی ئەنقەرە، "جارێكی دیكە بەدیاردەخات، توركیا بەردەوامە لە پشتگوێخستنی بنەما سەرەكییەكانی یاسای نێودەوڵەتی.. بەردەوامیشە لە رەفتاركردن بەبێ گوێدانە بانگەشەكانی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی، لەوانەش دەرخستەكانی كۆبووبوونەوەی ئەنجوومەنی ئەوروپی لە مانگی رابردوو، كە دوای لە توركیا كردبوو چالاكیەكانی راگرێت.
وەزارەتی دەرەوەی یۆنان ھۆشداریدا لەوەی كارەكانی كنەی توركیا لە رۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا دەرفەتی دەستپێكردنی دانوستانی بونیاتنەر لەناودەبات و داوای لە توركیا كرد، ئەو ئاگاداركردنەوەیەی "نافتكس" پووچەڵ بكاتەوە.
راگەیاندراوەكە جەختیكردەتەوە، لەوەی وەزیری دەرەوەی یۆنان، نیكۆس دیندیاس لەم بارەوە رێنمایی دەركردووه بۆ ئەنجامدانی رێكاری دیپلۆماسی دژ بە لایەنی توركیا و ئاگاداركردنەوەی ھاوپەیمانان و ھاوبەشانی ئەسینا لە "بەردەوامبوونی توركیا لەسەر رەفتارە ھەراسانكارییەكانی ".
k24 -
