بەندیخانەکانی ئەفغانستان.. ناوەندی بازرگانیی هۆشبەر بە سپۆنسەری پۆلیس
کێشەکانی ئەفغانستان نەسەرەتایان هەیە و نەکۆتایی.. ئەو تاوانکارانەی کاتێک ئازادن، لەدەرەوە تاوانی هەمەچەشن دەکەن و بەشێکیان دەبنە چەکداری تاڵیبان و پەنا بۆ کوشتنی خەڵک دەبەن، کاتێک دەکەونە بەندیخانەکانەوە خراپتریان بەسەردێت و دەبنە بەکارهێنەری مادەی هۆشبەر.
بەندیخانەکانی ئەفغانستان بوونەتە ناوەندێکی ساخکردنەوە بۆ هۆشبەر و بەرهەمهێنانی خووپێوەگرتووانی هەموو جۆرەکانی هۆشبەر. بەرپرسانی ئاسایشی بەندیخانەکان ئاسانکاری بۆ هاتنەناوەوەی هەموو جۆرەکانی قەدەخەکراو دەکەن، لە کاتێکدا حکومەتی ئەو وڵاتە و ئەمریکاش، باس لە شکستی جڵەوکردنی ئەو کارە دەکەن.
عیبادوڵڵا کەریمی، گوتەبێژی بەندیخانەکانی ئەفغانستان، باس لە پەرەسەندنی دیاردەی تێوەگلانی بەرپرسان و بەندیوانەکان لە بازاڕکردن بە هۆشبەرەکان لە نێو بەندیخانەکانی وڵاتدا دەکات، بەتایبەت بەندیخانەی پولی شارخی لە کابولی پایتەخت کە 13 هەزار بەندکراوی تێدایە.
توێژینەوەیەکی ماڵپەری 'عەرەبی ئەلجەدید' ئاشکرایکردووە، دۆخی بەندیخانەکانی ئەفغانستان، بازاڕێکی بێدەنگی پڕ هەڕمێنی هۆشبەرەکانە. گوتەبێژە ئەفغانییەکە قسەی بۆ هەمان ماڵپەر کردووە، دەڵێ شانەی بەرچاوی بەرپرسان لە نێو بەندیخانەکاندا بازرگانیی بەهۆشبەرەوە دەکەن و چەندین سەرچاوەی جیاوازیان بۆ دەستخستنی هەیە.
بەپێی قسەکانی ئەو، کەسوکاری گیراوەکان، لەگەڵ "پۆلیسە گەندەڵەکان"دا هاوئاهەنگی دەکەن، بۆ بردنە ژوورەوەی هۆشبەر لە کاتی سەردانەکانیاندا، ئەمەش پاش پێدانی بەرتیل بەبەندیوانەکان.
ئەو شێوازێکی دیکەش بۆ ئەو کارە ئاشکرا دەکات، هەندێک هۆشبەرفرۆش، لەدەرەوە تاوانی بچووکی وەک لێدان یان دزی یان ئاژاوەنانەوە دەکەن، بۆ ئەوەی پۆلیس دەستگیریان بکات و بیانباتە بەندیخانە، ئەوە هەلێکی باشە بۆ ئەوان، تاوەکو هۆشبەر ببەنە ناو بەندییەکانەوە، چونکە شێوازی پشکنین بەرلەبردنی تاوانبار بۆ ناو بەندیخانە، لاواز و سەرەتاییە، چاوپۆشیی زۆریشی لەگەڵدایە.
لەدەرەوە دەیچاند.. لە بەندیخانەدا خووی پێوەگرت
سامسور خان، ماوەی سێ ساڵ لە بەندیخانەی پولی شارخی بەندبووە، لەوێ فێری کێشانی حەشیش بووە و دوای ئازادبوونی لە کانوونی دووەمی 2019، نەیتوانیوە دەستبەرداری ئەو خووە ببێت، ئەو ئێستا خووپێوەگرتووی هۆشبەرە.
سامسور بەرلەوەی بەتۆمەتی ئەندامیەتی تاڵیبان لە 2011دا دەستگیربکرێت، لە هەرێمی گەزنە لە باشووری وڵاتەکە، سەرقاڵی چاندنی حەشیش بووە، بەڵام خۆی بەکارینەدەهێنا، ئەو باسی رووداوەکانی ناو بەندیخانە دەکات و دەڵێت: "گرتووخانە، کێشە دارایی و تەندروستییەکانی بۆ زیادکردم لەبری ئەوەی کەمیبکاتەوە".
کێشەکە تەنیا حەشیش نییە، بەڵکو لەوێ بازرگانی بەهەموو جۆرەکانی هۆشبەرەوە دەکرێت. هەموو جۆرەکان لە بەندیخانەکاندا دەستدەکەون.
گوتەبێژی بەندیخانەکان، ئەو زانیارییانە پشتڕاستدەکاتەوە. روونیدەکاتەوە لە ئەفغانستاندا 37 بەندیخانە هەن و نزیکەی 35 هەزار کەسیان تێدا بەندکراوە.
دکتۆر وەحیدوڵڵا مایار، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ئەفغانستان ئاشکرایدەکات، رێژەی خووگرتووەکان بەهۆشبەرەوە لە بەندیخانەکانی وڵاتدا، 15 تا 20٪ی بەندییەکانە. روونیدەکاتەوە وەزارەتەکەی لەئەنجامی پشکنینی نموونەی خوێنی بەندییەکان بەرلە 18 مانگ بەو ئەنجامە گەیشتووە و ئەو ژمارە و رێژەیەی بۆ دەرکەوتووە.
پێشتر لە تشرینی یەکەمی 2019دا، فەیروزەدین فەیرووز، وەزیری تەندروستیی ئەفغانستان، هەمان زانیاری راگەیاندبوو.
کەڵەکەبوونی خووپێوەگرتن لە بەندیخانەکاندا
لە نێو ئەو جۆرانەی هۆشبەردا کە لە بەندیخانەکانی ئەفغانستاندا دەفرۆشرێن، حەشیش، هیرۆین و ئەفیۆن بەربڵاوترینن. ئەم زانیارییە ناجیڵا درکاندوویەتی، ئەو نیشتەجێی هەرێمی هیڵمەندە لە باشووری ئەفغانستان. ئەو گوتوویەتی لە دوای دەستگیرکردنیەوە بەتۆمەتی چەقۆلێدان لە دراوسێیەکی لە شوباتی 2018، لە بەندیخانەدا کێشەی لەگەڵ پەیداکردنی جۆرەکانی هۆشبەردا نەبووە.
دکتۆر عەبدولشەکور حەیدەری، جێگری بەڕێوەبەری فەرمانگەی قەڵاچۆکردنی هۆشبەر لە وەزارەتی تەندروستیی ئەفغانستان، ئاشکرایکردووە، لە وڵاتدا 2 تاوەکو 2 ملیۆن و نیو خووپێوەگرتووی هۆشبەر هەن کە 40٪یان ئافرەتانن.
ئەو ئاماژەی بەوەداوە کە 400 هەزار تاوەکو 500 هەزار کەس خووپێوەگرتووی هیرۆینن و دۆخی تەندروستییان مەترسیدارە و پێویستییان بە چارەسەر هەیە.
توێژینەوەیەکی 'سەنتەری توێژینەوە ستراتیژی و هەرێمایەتییەکان'ی کابول، دەڵێ ژمارەی خووپێوەگرتووان تادێ زیاتر دەبێت.
سەنتەرەکە کە بایەخ بە'گەشەی پڕۆگرام و سیاسەت لە ئەفغانستان' دەدات، راپۆرتەکەی لە 3ی تەمووزی 2019دا بڵاوکردووەتەوە، دووپاتیدەکاتەوە 3،5 ملیۆن هاووڵاتی ئەفغانی بەبڕی جیاواز هۆشبەر بەکاردەهێنن. مەترسیدارترینیان ئەوەیە کە 30٪یان منداڵانن.
لە بەرامبەردا راپۆرتێکی هاوبەشی حکومەتی ئەفغانستان و نەتەوە یەکگرتووەکان لەو وڵاتە دەریخستووە، چاندنی خەشخاش لە ئەفغانستان تاوەکو ساڵی 2017، بەڕێژەی 32٪ زیادیکردووە. لە کاتێکدا ئەفیون 29٪ زیادیکردووە. بەرپرسانی وەزارەتی قەڵاچۆکردنی هۆشبەری وڵاتەکە، هۆکاری زیادبوونەکە بۆ تێکچوونی دۆخی ئاسایشی وڵاتەکە دەگێڕنەوە.
پشکنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ ئەفغانستان لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەداوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تاوەکو ساڵی 2014، 7 ملیار و 600 ملیۆن دۆلاری لە قەڵاچۆکردنی چاندنی هۆشبەرەکان لە ئەفغانستان خەرجکردووە. وێڕای ئەو پارە زەبەلاحەش، حکومەت شکستیهێناوە لە رێگریکردن لە چاندنی (خەشخاش، بەرهەمهێنانی ئەفیون، لەناوبردنی بازرگانیی هۆشبەر و بەقاچاخبردنی، رێگرتن لە خووپێوەگرتن و چارەسەرکردنی خووپێوەگرتووەکان). ئەمە کارێکە بەرپرسانی حکومەتی ئەفغانستانیش دانیپێدادەنێن.
تێوەگلانی بەرپرسەکان
بەربڵاوتربوونی بازرگانیی و دەستخستنی هۆشبەر لە بەندیخانەکانی ئەفغانستان، لەلایەن چەندین سەرچاوەی جیاوازەوە بەرپرسانی پێتاوانبار دەکرێن.
شەفیعوڵڵا گرنی، پارێزەرێکی ئەفغانییە، ئەو ماوەی پێنج ساڵ مامەڵەی لەگەڵ گیراوانی ناو بەندیخانەکانی وڵاتەکەدا کردووە و بریکاریان بووە. روونیدەکاتەوە، چەتە و تۆڕەکانی رەواجدان بەهۆشبەر لە نێو بەندیخانەکان تادێت بەربڵاوتر دەبن. هەر باڵەخانەیەکی ناو بەندیخانەکان بەدەستی ئەوانەوەیە، ئەمەش بەچاوپۆشی پۆلیس و بەرپرسانی هۆڵەکانی ناو بەندیخانەکان.
دووپاتیدەکاتەوە شانەکانی گەیاندنی هۆشبەر بۆ ناو بەندیخانەکان، پێکهاتووە لە بازرگاکانەکانی دەرەوە، پیاوانی پۆلیس و کارگوزارانی ناو بەندیخانەکان. ئەوان هاوکاریی چەتەکانی هۆشبەر دەکەن لەسەر بەردەوامبوون لە کارەکانیان لە نێو بەندیخانەکاندا.
نەسرەت رەحیمی، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان، هەمان قسەکانی پارێزەرەکە دووپاتدەکاتەوە، ئەو دەڵێ "میان ئەحمەد ئەحمەدی، بەرپرسی قەڵاچۆکردنی هۆشبەر لە ئاسایشی کابول، خۆی لە نێو یەکێک لە گەورەترین گرووپەکانی قاچاخچیەتی و بازرگانی هۆشبەرەکاندا بوو لە ئەفغانستان"، روونیدەکاتەوە وەزارەتی ناوخۆی وڵات لە شوباتی رابردوودا، 6 ئەندامی تێوەگلاوی بازرگانی و قاچاخچیەتی هۆشبەرەکانی دەستگیرکرد، لە نێویاندا ئەحمەدی، کە هۆشبەری لە رێگەی دەستەی بچووک بچووکەوە بۆ ناو هەموو کابول دەگواستەوە.
لە نێو گیراوەکانی ئەو هەڵمەتەدا، جێگری بەڕێوەبەری بەندیخانەی پولی شارخیش هەیە، کە بە 28 ساڵ بەندکردن سزادراوە. ئەویش تۆمەتبارە بەگەیاندنی هۆشبەر لەرێگەی شۆفێرەکەیەوە بۆ ناو بەندیخانە.
سزای قاچاخچیەتی و بازرگانیی هۆشبەر، بەبەندکردن لە 6 مانگەوە دەستپێدەکات تاوەکو ساڵێک، ئەگەر بڕی هۆشبەری دەستبەسەرداگیراو لای هەر کەسێک لە 10 گرام کەمتر بێت. سزاکە بۆ بەندکردنی تاهەتایی زیاد دەکات، ئەگەر گیراوەکە بازرگانیی بەهۆشبەرەوە کردبێت یان زیاتر لە 5 کیلۆی پێبگیرێت. یاسای تایبەت بەهۆشبەر لە ئەفغانستان لە 2006 دەرچووە
عەبدولکەریم حەفیز، پارێزەری کارکردوو لە کۆمپانیای رۆزان ستۆک، بۆ راوێژی یاسایی، دەڵێ بڕی سزاکان بۆ کەسانی سڤیل و پیاوانی حکومەت وەکویەکە، بەڵام زۆرینەی جار گیراوەکان کەسانی سڤیلن.
کەموکورتی و بوونی بۆشایی لە رێوشوێنەکانی پشکنین و چاودێری لە سیستمی بەندیخانەکان، کە تەنیا پشت بەدەست و چاو دەبەستێت، ئاسانکاری بۆ گەیشتنی هۆشبەر بۆ ناو گرتووخانەکان کردووە، بەوەش راوەستانەوە بەرامبەر کاری تۆڕەکانی تاوان و رێکخراوە هاوئاهەنگەکان، لەگەڵ پۆلیسدا بۆ بازاڕگەری لەناو بەندیخانەکان زەحمەتە.
وەزیری تەندروستیی ئەفغانستان رایگەیاندووە، ئەو کەسانەی دەستڕۆیشتوو و دەسەڵاتدارن، ناپشکنرێن. جیا لەوەش، زۆری ژمارەی سەردانکەرانی گرتیگەکان وایکردووە چاودێری کەسانی لادەر زۆر زەحمەت ببێت. بەندیخانەیەکی وەک پۆلی شارخی لە کابول، لە رۆژێکدا 2500 تاوەکو 3000 سەردانکەری هەیە.
وەزیرەکە دەڵێ چۆن دەکرێ تەنیا بەدەست و بەچاو کۆنترۆڵی ئەو هەموو سەردانکەرە بکرێت، لە کاتێکدا بەندیخانەکان ئامێری پشکنینی ئەلیکترۆنییان نییە، تەنیا هەندێک بەندیخانە نەبێت کە دەروازەی پشکنین بۆ ئاشکراکردنی چەکیان هەیە.
هۆشبەرەکان لەنێو کەلوپەلی بەندییەکاندا دەشاردرێنەوە، کە سەردانکەرەکان لەگەڵ خۆیاندا دەیهێنن. وەک جلوبەرگ و خۆراک. ئەو شاردنەوانە دەکرێ تاڕادەیەکی باش بەریان پێبگیرێت، بەڵام کاتێک هۆشبەرەکان لەنێو لەشی مرۆڤ یان جلوبەرگی ئافرەتاندا دەشاردرێنەوە، بەبێ بوونی ئامێری ئەلیکترۆنی، کارەکە زۆر زەحمەتە.
وێڕای ئەوەش، بوونی کەرەستەکان سوودی نییە، چونکە پۆلیس و بەندیوانەکان لە بازرگانییەکانەوە گلاون و بەشدارن لە دابەشکردنی هۆشبەر بەنێو هۆڵەکانی بەندیخانەکاندا.
محەمەد ئاواب، ساڵانێک بەندیوان بووە لە پولی شارخی، ئەو ئێستا خانەنشینە، بەڵام هێشتا پەیوەندی بەژمارەیەک بەندیوانی هاوڕێیەوە ماوە، لە گرتووخانەکانی وەک 'جەلال ئاباد، هیرات و کابول'، ئەو دەڵێت، تێکچوونی دۆخی ئاسایش و گەندەڵیی بەڕێوەبردن لە بەندیخانەکاندا، هۆکاری گرنگە لە هاوکاربوون بۆ شکستپێهێنانی هەوڵەکان لەپێناو قەڵاچۆکردنی هۆشبەر لە وڵاتەکەدا.
هۆشبەر وەک ئەوەی عافیە ناسری، لە بەندیخانەی ئافرەتانی کابول روونیکردووەتەوە، بەهەمانشێوەی پیاوان دەگاتە ناو بەندیخانەکانی ئافرەتانیش،، ئەو دەڵێ بەدەستهێنانی پارە لەپێناو کڕینی هۆشبەر زۆر لە بەندییەکانی ناچار بە تاوانکاری کردووە، تەنانەت لە ناو بەندیخانەشدا، هەرچەندە هەندێکیان دەستبەسەرن بۆ ماوەی کاتی و منداڵی خوار تەمەنی 7 ساڵانیان پێیە.
وەزارەتی تەندروستیی ئەفغانستان، بەپێی داتا راگەیەنراوەکان، ساڵانە 40 هەزار خووپێوەگرتوو چارەسەر دەکات. عەبدولشەکور حەیدەری، بەڕێوەبەری فەرمانگەی قەڵاچۆکردنی خووگری بەهۆشبەرەوە دەڵێ، ئەوان ژووری تایبەت بۆ خووپێوەگرتووەکانیان لە نێو بەندیخانەکاندا هەیە. بەڵام بەبڕوای گرنی پارێزەر، ئەو هەنگاوانە لەرزۆکن و سوودیان نییە، تاوەکو بەرپرس و بەندیوان و پۆلیسەکان، لە بازرگانی هۆشبەر و دەستەبەرکردنی لە نێو بەندیخانەکاندا گلابن.
rudaw -
