حکوومەتی سوودان: ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئیسرائیل هاوشێوەی هاوسەرگیرییە

حکوومەتی سوودان: ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئیسرائیل هاوشێوەی هاوسەرگیرییە
وەزیری دەرەوەی سوودان رایدەگەیەنێت، ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئیسرائیل، هاوشێوەی هاوسەرگریییە.

عومەر قەمەرەدین، وەزیری دەرەوەی سوودان بە رۆژنامەنووسانی راگەیاندووە، بە مەرجی لابردنی ناوی سوودان لە لیستی تیرۆری ئەمریکی، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردووەتەوە.

عومەر قەمەرەدین رەتی کردووەتەوە وڵاتەکەی لەژێر هەڕەشە و گوشاری ئەمریکا پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردبێتەوە و رایگەیاندووە، ئاساییکردنەوەکە، کە هێشتا ئاساییکردنەوەی تەواوەتی نییە، هاوشێوەی هاوسەرگیرییە، بە رەزامەندیی هەردولا بووە.

ئێوارەی رۆژی هەینی 23-10-2020، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بە تەلەفۆن پەیوەندیی بە بنیامین نەتەنیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و عەبدوڵڵا حەمەدۆک، سەرۆک وەزیرانی سوودان، کردووە.

لەو پەیوەندییەدا، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و سوودان رێککەوتن لەسەر دەست پێکردنەوەی پەیوەندییەکانی تەل ئەڤیڤ و خەرتووم.

تا ئێستا وڵاتانی میسر، ئوردن، ئیمارات، بەحرێن و سوودان، پەیوەندییان لەگەڵ ئیسرائیل هەیە.

پێشتر لە رۆژی سێشەممە 15-9-2020، لە واشنتنی پایتەختی ئەمریکا و بە چاودێریی دۆناڵد ترەمپ، عەبدوڵڵا بن زاید، وەزیری دەرەوەی ئیمارات و بنیامین نەتەنیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئسرائیل، (رێککەوتنی ئاشتی) واژۆ کرد.

هەر لە هەمان رێوڕەسمدا، بنیامین نەتەنیاهۆ و عەبدوللەتیف زەیانی، وەزیری دەرەوەی بەحرێن، “رێککەوتنی راگەیاندنی ئاشتی”یان لەنێوان وڵاتەکانیاندا، واژۆ کرد.











باسنيوز




Top