ئەلعەرەبییە: ئێران لە تورکیا چالاکوانێکی سیاسیی عەرەبی ئەهوازی ڕفاندووە
بەرپرسانی (بزووتنەوەی عەرەبیی ئازادیخوازی ئەلئەحواز) ئێرانیان بەوە تۆمەتبار کردووە کە بە یارمەتیی وڵاتێکی سێیەم (حەبیب ئەسیود)ی هێناوەتە تورکیا و لەوێوە ڕفاندوویانە.
ئەلعەرەبییە لەمبارەوە بڵاوی کردووەتەوە هەندێ سەرچاوە باسیان لەوە کردووە ئەو وڵاتە کە هاوکاریی ڕادەستکردنەوەی ئەو چالاکوانە سیاسییەی کردووە، قەتەرە و چەند سەرچاوەیەکیش باسیان لەوە کردووە کە ئەنقەرە (حەبیب ئەسیود)ی لە بەرانبەر دوو ڕێبەری پەکەکە ڕادەستی تاران کردووە، بەڵام هەتا ئێستا هیچ سەرچاوەیەکی فەرمی و سەربەخۆ ئەم زانیارییانەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.
تاکوو ئێستا وردەکاریی زیاتر لەبارەی چۆنیەتیی سەفەری ئەو چالاکوانە سیاسییەی عەرەبی ئەهواز بۆ تورکیا و چارەنووسی بڵاو نەکراوەتەوە.
تا ئێستا بەرپرسانی فەرمیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەبارەی ڕفاندنی حەبیب ئەسیود، هیچ کاردانەوەیەکیان نەبووە.
لە ساڵانی ڕابردوودا کۆمەلێک لە چالاکوانانی سیاسی و دژبەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە وڵاتانی دراوسێ دەستگیر کراون و ڕادەستی ئێران کراونەتەوە.
ڕۆحوڵا زەم، بەڕێوەبەری ماڵپەڕی (ئامەدنیوز) کە دانیشتووی فەڕەنسا بوو ساڵی ڕابردوو لە سەفەرێکدا بۆ بەغدا دەستگیر و ڕادەستی ئێران کرایەوە.
ساڵی ٢٠١٧ ئەحمەد نیسی ناسراو بە ئەحمەد مولی (ئەبوو ناهز) ڕێبەری پێشووی گرووپی سەربەخۆییخوازی عەرەبی ئەهواز لەبەردەم ماڵەکەی خۆی لە شاری لاهای هۆڵەندا تیرۆر کرا.
باسنيوز
