جەستن ترودۆ: هێرشبەرەكەی فڕەنسا نوێنەرایەتی ئیسلام و موسوڵمانان ناكات
بە "كارێكی نەگریسی تێرۆریستی" ناویبرد
سەرۆك وەزیرانی كەنەدا، جەستن ترودۆ سەبارەت بە هێرشەكەی دوێنێی شاری نیس لە فڕەنسا رایگەیاند، ئەو هێرشەی دەرەنجامەكەی كوژرانی سێ كەسی لێكەوتەوە لەناو كڵێسای نۆتردام، سەركۆنەی دەكات و بە "كارێكی نەگریسی تێرۆریستی" ناویبرد.
بكەرانی ئەو جۆرە هێرشانە تاوانبار و تێرۆریست و بكوژی خوێنساردن، نوێنەرایەتی ئیسلامیش ناكەن
وتیشی، ئەم كار و تاوانە قێزەون بە هەمو شێوەیەك ستەمكارانەیە و لە سنوری رەوشت و رێكارەكانماندا جێیان نابێتەوە، بكەرانی ئەو جۆرە هێرشانە تاوانبار و تێرۆریست و بكوژی خوێنساردن، نوێنەرایەتی ئیسلامیش ناكەن لە فڕەنسا، كەنەدا و هیچ وڵاتێكی دیكە.
سەرۆكی فڕەنسایە كە لەماوەی رابردودا چەندینجار جەختیكردوەتەوە ئەنجامدەرانی ئەو كردەوەیە "تێرۆریستی ئیسلامی"ن
وتەكانی تردودۆ پێچەوانەی وتەكانی ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فڕەنسایە كە لەماوەی رابردودا چەندینجار جەختیكردوەتەوە ئەنجامدەرانی ئەو كردەوەیە "تێرۆریستی ئیسلامی"ن و پەیوەندیی بە ئایینەكەوە هەیە.
دوای كوشتنی مامۆستا فڕەنسییەكە لەلایەن خوێندكارێكی بەرەگەز چیچانییەوە كە زۆرینەی ژیانی لە فڕەنسا بەرێكردبو، دوێنێ لە شاری نیس-ی هەمان وڵات بە چەقۆ هێرشكرایە سەر كڵێسای نۆتردام و سێ كەس لەو هێرشەدا كوژران.
هاوكات دوای لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان، جان فڕانسوا رێكارد، بەرپرسی داواكاری گشتی فڕەنسا پەیوەست بە دۆسییەكانی تێرۆر درەنگانی شەوی رابردو و پاش دەستگیركردنی هێرشبەرەكەی كڵێسای نۆتردام رایگەیاند، ئەو هێرشبەرە لەناو كەلوپەلەكانیدا پێناسی خاچی سوری ئیتاڵی و قورئان و چەقۆ و شتی دیكەی پێبوە.
خەندان-
