بەشێک لە وڵاتانی جیهان پاڵپشتی بۆ فەرەنسا دەردەبڕن
سەرکردەی ژمارەیەک لە وڵاتانی جیهان سەرکۆنەی هێرشەکەی دوێنێی فەرەنسایان کرد و پاڵپشتیی خۆیان بۆ ئەو وڵاتە دووپاتکردەوە.
سەرۆکی ئەمریکا لە تویتێکدا رایگەیاند، "دڵمان لای خەڵکی فەرەنسایە. لەم شەڕەدا ئەمریکا پشتی دێرینترین هاوپەیمانمان دەگرێت. دەبێت هێرشی تیرۆریستە ئیسلامییە تووندڕەوەکان بە زووترین کات بوەستێنرێت".
سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا رایگەیاند، رێکخراوە ئەوروپییەکە لەم کاتەدا لەگەڵ فەرەنسایە و سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەوروپاش گوتی، دەبێت جیهان پێکەوە رووبەڕووی ئەو هەڕەشانە بێتەوە کە ئامانجیان لاوازکردنی بەها باڵاکانە.
چارلس میشیل، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەوروپا لە کاردانەوەی هێرشەکەی شاری نیس گوتی "پێش هەر شتێک، دەمەوێت هاوسۆزی یەکێتیی ئەوروپا بۆ فەرەنسا و خەڵکی فەرەنسا دەربڕم. ئەوەی روویدا هێرش بوو دژی دیموکراسی، ئازادی و هەربۆیە دەبێت زیاد لە هەر کاتێکی دیکە یەکگرتوو بین و پێکەوە پاڵپشتی لە بەها هاوبەشەکانی دیموکراسی، سەروەری یاسا و ئازادییە بنچینەییەکان بکەین".
سەرۆکوەزیرانی کەنەداش رایگەیاند، نابێت رێگەبدرێت یەکدی قبووڵنەکردن شوێنی یەکدی قبووڵکردن بگرێتەوە و گوتیشی، پێویستە رێگەنەدرێت تووندوتیژی لە کۆمەڵگەکاندا زیادبێت.
سەرۆکی ئیسرائیلیش گوتی، هیچ شەڕێک لەنێوان شوێنکەوتووانی ئایینە ئاسمانییەکاندا نییە، بەڵام کەسانێک هەن پەڕگیرن و خەڵکی دیکەیان لە دەرەوەی ئایینی خۆیان پێ قبووڵ نییە.
ریوڤین ریڤلین، سەرۆکی ئیسرائیل دەڵێت، "بەداخەوە، ئەوەی لە فەرەنسا روویدا جێگەی نیگەرانیی هەموو جیهانە. ئێستا هیچ جۆرە شەڕێک لەنێوان کریستیان و موسڵماناندا نییە. هیچ شەڕێک لەنێوان جوو و کریستیان یان لەنێوان جوو و موسڵماناندا نییە. هەربۆیە هانی سەرۆکی فەرەنسا و خەڵکی فەرەنسا دەدەین و پێیان دەڵێین، هەموومان پێکەوەین".
کاردانەوەکان ئێران و تورکیایشی گرتەوە، محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران بە زمانی ئینگلیزی تویتێکی کردووە و دەڵێت "بەتووندی سەرکۆنەی هێرشە تیرۆریستییەکەی ئەمڕۆی نیس دەکەین". ئایەتێکی قورئانی پیرۆزیشی هێناوەتەوە کە باس لەوە دەکات، پێغەمبەر "رەحمەتە بۆ هەموو جیهان".
وەزارەتی دەرەوەی تورکیاش هاوخەمیی خۆی بۆ فەرەنسا دەردەبڕێت و هێرشەکە بە "دڕندانە" ناودەبات. دەڵێت، هیچ پاساوێک بۆ کوشتنی مرۆڤ نییە. "ئەوەش روونە ئەو کەسانەی ئەو هێرشە دڕندانەیەیان لە شوێنێکی پیرۆزی پەرستشکردن کردووە، هەرگیز سوودیان لە ئایین و بەها مرۆڤایەتی و ئەخلاقییەکان وەرنەگرتووە".
رۆژی پێنجشەممە، کەسێکی توونسی هێرشیکردە سەر کەنیسەیەکی شاری نیسی فەرەنسا و سێ کەسی کوشت و ژمارەیەک هەوڵی دیکەی هاوشێوەش لەو وڵاتە شکستیان پێهێندرا. وەزارەتی دەرەوەی توونس "بەتووندی" سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و رایگەیاند، هەموو جۆرێکی "پەڕگیری و تیرۆریزم" رەتدەکەنەوە. بەپێی زانیارییەکانی کەناڵی عەرەبییەش، پۆلیسی توونس لێکۆڵینەوە لە ئەندامانی خێزانەکەی هێرشکارەکە دەکەن.
rudaw -
