سەرۆك وەزیرانێكی مالیزیا هانی كوشتنی ملیۆنان فەرەنسی دەدات
مەهاتیری سەرۆك وەزیرانی پێشووی مالیزیا و سیاسەتمەداری ناسراوی ئیسلامی كە لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا زنجیرەیەك پۆستی لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (تویتەر) لە دژی فەرەنسادا بڵاو كردووەتەوە، ئەمڕۆش لە پۆستێكی تردا بە ئاشكرا هانی كوشتنی ملیۆنان هاووڵاتی فەرەنسای دا.
مەهاتیر ئەمڕۆ نووسیویەتی موسڵمانان مافی خۆیانە تووڕە بن و مافی خۆیانە ملیۆنان كەس لە گەلی فەرەنسا بكوژن لە تۆڵەی ڕابردوودا.
سەرۆك وەزیرانی پێشووی مالیزیا ئەوەشی نووسیوە كە مادام ئیمانوێڵ ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسی ڕەفتاری ئەو كەسە تووڕەیەی مامۆستایەكی فەرەنسی كوشت، بە ڕەفتاری موسڵمانان دەزانێ، ئەوا پێویستە لە بەرانبەردا موسڵمانانیش سزای فەرەنسا بدەن.
جێی باسە ئەمڕۆ لە هێرشێكی تیرۆریستییدا، سێ کەس لە شاری نیس لە فەرەنسا کوژران و چەند کەسێکی دیکەش بریندار بوون، هێرشكارەكە لە كاتی تاوانەكەیدا چەندین جار دروشمی ئەڵاهوئەكبەری گوتووەتەوە.
باسنيوز
