ئەردۆغان هەڕەشە دەکات و بە مافی ئەنقەرە دەزانێت هێرش بکاتە سەر رۆژئاوای کوردستان
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی چوارشەممە 28-10-2020 لە میانی گوتارێکی بۆ پەرلەمانتارانی پارتەکەی رایگەیاند ، بەردەوام لەو ناوچە سنوورییانەی کە لە ژێر کۆنترۆڵی سوپای تورکیادا نین تووشی هەڕەشە دەبنەوە.
سەرۆککۆماری تورکیا رەخنەی لە ئەمریکا گرت لەو پێکهاتەیەی دەیەوێت بە درێژایی سنوورەکانی سووریا لەگەڵ عێراق دروستی بکات و دەڵێت، دەبێتە هۆی شەڕ و پێکدادان و تراژیدیای نوێ لە ناوچەکدا. هاوکات بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئەنقەرە زیاتر لە هەر گرووپێکی دیکەی سووریا شەڕی لە دژی رێکخراوی داعش کردووە.
رۆژی دووشەممە مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات، لە دوو تویتدا کە بە زمانی فەرەنسی داینابوون گوتی کە ئەردۆغان پاڵپشتی لە داعش کردووە. تویتەکانی ئەو فەرماندەیەی رۆژئاوای کوردستان تایبەت بوو بە بەرگریکردنی لە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا کە ئێستا لەلایەن ئەردۆغانەوە هێرشی دەکرێتەسەر بە بیانووی "سوکایەتیکردن بە پێغەمبەری ئیسلام."
ئەردۆغان بە هۆشدارییەوە رایگەیاند کە "ئەگەر بێتو ئەو تیرۆرستانە لەو ناوچانە دەرنەکرێن، ئەوا ئێمە مافی شەرعی خۆمانە جارێکی دیکە جووڵە بە هێزەکانمان پێبکەین."
هەر لە میانی گوتارەکەیدا، ئەردۆغان بانگەشەی ئەوەی کرد کە گوایە 2000 چەکداری پارتی کرێکارانی کوردستان و یەکینەکانی پاراستنی گەل پەیوەندییان بە هێزەکانی ئەرمینیاوە کردووە و ئێستا شەڕ لە دژی ئازەربایجان دەکەن. پێشتر پەکەکە و یەپەگە ئەو تۆمەتانەی تورکیایان رەتکردووەتەوە.
تورکیا لە چەند ساڵی رابردوودا چەندجارێک ئۆپەراسیۆنی سەربازیی کردووەتە سەر رۆژئاوای کوردستان لەوانە لە دژی کانتۆنی عەفرین لە سەرەتای ساڵی 2018.
rudaw -
