بەهۆی تەقینەوەیەکەوە لە ئەفغانستان ١٣ کەس بوونە قوربانی

بەهۆی تەقینەوەیەکەوە لە ئەفغانستان ١٣ کەس بوونە قوربانی
فەرماندەی پۆلیسی کابول پایتەختی ئەفغانستان، ئاشکرای کردووە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکی چێندراو لە ناوچەی دەیەمی شاری کابول، سێ هاووڵاتیی سڤیل کوژراون و ١٠ کەسی دیکەش بریندار بوون.

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی (ئوفوق)ی ئەفغانستان ئەو ڕووداوە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە ٢٧ی١٠ی٢٠٢٠ لە ناوچەی دەیەمی شارەوانیی کابول و لە مەیدانی (چقرک) ڕووی داوە و تێیدا ١٣ کەس بوونەتە قوربانی و هەندێ سەرچاوەی دیکەش باس لەوە دەکەن، ئەگەری هەیە ژمارەی قوربانییەکان زیاتر ببن.

لە ماوەی ١٠ ڕۆژی ڕابردوودا زنجیرەیەک هێرش و تەقینەوەی خۆکوژی و بۆمبدانانەوە لە ناوچە جیاجیاکانی ئەفغانستان، بە دەیان هاووڵاتیی سڤیل و سوەربازی ئەفغانستانی کردووەتەوە قوربانی.

هەتا ئێستا بە فەرمی هیچ گرووپ و لایەنێک بەرپرسیارێتیی ئەو تەقینەوانەی نەگرتووەتە ئەستۆ، بەرپرسانی فەرمیی ئەفغانستان دەڵێن ئەو تەقینەوانە کاری "تۆڕی تیرۆری"ی گرووپی تاڵیبانە.

گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان ڕۆژی شەممە ٢٤ی١٠ی٢٠٢٠ ڕای گەیاند لە ماوەی یەک هەفتەی ڕابردوودا لە ئەنجامی دوو تەقینەوە لەلایەن تاڵیبانەوە ٥١ هاووڵاتیی سڤیل کوژراون و ١٣٧ کەسیش بریندار بوون و ئاماژەی بەوەش کرد لە بەرامبەر ئەو هێرش و تەقینەوانەی تاڵیباندا لە ماوەی یەک هەفتەی ڕابردوودا، ٤٠٣ چەکداری تاڵیبان کوژراون و ١٤٠ چەکداری دیکەش بریندار بوون.

وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان لەبارەی ئاماری کوژراو و برینداری هێزە ئەمنییەکان، هیچ زانیارییەکانی بڵاو نەکردووەتەوە، بەڵام هەفتەی ڕابردوو یەکێک لە خوێناویترین هەفتەکان بووە بۆ ئەو وڵاتە.

هەر لەمبارەوە ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی بڵاوی کردووەتەوە مانگی ڕابردووی زایینی لە ئەفغانستان ١٨٠ هاووڵاتیی سڤیلی ئەو وڵاتە گیانیان لەدەست داوە و ٣٧٠ کەسیش بریندار بوون.

شەڕ و پێکدادانی نێوان گرووپی تاڵیبان و هێزە ئەمنییەکانی ئەفغانستان لە کاتێکدایە زۆر تەشەنەیان کردووە لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا هەردوو لایەن بە نێوبژیوانیی قەتەر و ئەمریکا لە دەوحە پایتەختی قەتەر گەڕێکی نوێی دانوستان و گفتوگۆیان بەمەبەستی ئاشتی و سەقامگیری و ئاگربەست دەست پێ کرد و تەنانەت هەردوولاش کۆمەڵێک لە بەندکراوانی یەکتریان ئازاد کرد، بەڵام هێرش و تەقینەوەکان نەوەستاون.










باسنيوز


Top