ترەمپ: میدیاکان پرسیاری ئایسکرێم لە بایدن دەکەن و کۆرۆنا لە من

ترەمپ: میدیاکان پرسیاری ئایسکرێم لە بایدن دەکەن و کۆرۆنا لە من
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بەربژێری کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەو وڵاتە دەڵێت، "میدیاکان بەردەوام پرسیاری ئاسان لە بایدن دەکەن و پرسیاری قورس لە من دەکەن".

سەرۆکی ئەمریکا لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا، مشتومڕی لەگەڵ پێشکێشکاری بەرنامەکە دەستپێکرد و گوتی "ئێوە دادپەروەر نین، چونکە لەگەڵ من زۆر رەقن و پرسیاری قورسم لێدەکەن، کەچی لەگەڵ بایدن زۆر نەرمونیانن و پرسیاری زۆر ئاسانی لێدەکەن".

ترەمپ باسی لەوەش کردووە، دیویەتی میدیاکان لە جۆ بایدنی رکابەرییان پرسیوە "چ جۆرە ئایسکرێمێک دەیخۆیت، چ تامێکی ئایسکرێمت حەز لێیە؟" هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە "کەچی پرسیارەکان لە منی دەکەن تەواو جیاوازن".

هەر لەو بەرنامەیەشدا بەربژێرەکەی کۆمارییەکان گوتیشی، سۆشیاڵ میدیا بەکاردەهێنێت بۆئەوەی دەنگی بگات، "چونکە ئێوە [میدیاکان] هەواڵی ساختە بڵاودەکەنەوە، بۆیە ئەگەر تویتەکانم نەبوایەن، خەڵک دەنگی نەدەبیستم".

ئەمەش لەکاتێکدایە کەمتر لە 10 رۆژ ماوە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا کە بڕیارە 3ی تشرینی دووەم بەڕێوەبچێت و هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان بە گەرمی بەڕێوەدەچن.

بەشێک لە چاوپێکەوتنەکەی دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ میدیایەکی ئەمریکی:

ترەمپ: هیوادارم وەک چۆن چاوپێکەوتن لەگەڵ من دەکەیت، بە هەمان شێوە لەگەڵ ئەویش [جۆ بایدن] قسە بکەیت.

پێشکەشکار: من پێموابوو تۆ خۆت ئەم جۆرە پرسیارانەت بەدڵە.

ترەمپ: دەزانم، دەزانم... سەیرکە من بینیم بایدن ئایسکرێمی بەدەستەوە بوو، دەڕۆشت.. دەزانی ریپۆرتەرەکە چ پرسیارێکی لێکرد، پێی دەگوت ئەو ئایسکرێمە چ جۆرە تامێکە. خۆ ئەمەش سکانداڵە.

پێشکەشکار: نا ئەمە سکانداڵ نییە.

ترەمپ: با، با.. ئەمە سکانداڵە، ئەمە دووەمین سکانداڵی گەورەیە.. دەزانیت چی، بایدن سیخوڕیی بەسەر کامپەینەکانی منەوە کردووە.

پێشکەشکار: هیچ بەڵگەیەک نییە بیسەلمێنێت.

ترەمپ: با، هەیە، لێسلی، ئەو سیخوڕی بەسەر منەوە کردووە، سیخوڕیی بەسەر کەمپەینەکەی منەوە کردووە.
rudaw -
Top