سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان: ئامانجی سەرەکیمان پاراستنی مرۆڤایەتییە
ئەمڕۆ شەممە 24-10-2020، ئەنتۆنیۆ گۆتێرس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پەیامێکدا، کە بەبۆنەی 75 ساڵەی دروستبوونی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاوی کردووەتەوە، جەختی لە بنەماکانی رێکخراوەکەی کردووەتەوە.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرس هەروەها رایگەیاندووە، کە گرنگە هەموو لایەنەکان هەوڵ بدەن بۆ کۆتاییهێنان بە مەرگەساتە مرۆییەکان، کە بەهۆی هەژاری و نایەکسانی و جیاکاری، دروست بوون.
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئاماژەکرفدن بەوەی کاری سەرەکیی رێکخراوەکەی پاراستن و رزگارکردنی مرۆڤایەتییە، داواشی لە لایەنە شەڕکەر و ناکۆکەکان لەسەر ئاستی جیهان کردووە کۆتایی بە شەڕ و توندوتیژییەکان بهێنن و رایگەیاندووە، ”ئێستا کاتی ئەوەیە گوشاری زیاتر بخەینە سەر شەڕکەرەکان بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی لە هەموو جیهان“.
نەتەوە یەکگرتووەکان رێکخراوێکی جیهانییە و کار لەسەر رووبەڕووبوونەوەی ئەو کارەسات و مەرگەساتانەی بەسەر مرۆڤایەتی دێن، دەکات. ئەو رێکخراوە لە 24-10-1945 دامەزرا و بارەگا سەرەکییەکەی دەکەوێتە شاری نیویۆرک لە ئەمریکا.
باسنيوز
