ئیرەج مەسجدی خرایە نێو لیستی سزاكانی ئەمریكاوە

 ئیرەج مەسجدی خرایە نێو لیستی سزاكانی ئەمریكاوە
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند، لەپێناو پاراستنی خەڵكی عێراق، بڕیاریداوە ئیرەج مەسجدی، جەنەراڵی باڵای فەیلەقی قودس كە ئێستا باڵیۆزی ئێرانە لە عێراق بخاتە نێو لیستی سزاكانی ئەمریكاوە.

لە راگەیەندراوێكدا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند، لەپێناو بەرەوپێشبردنی بەرژەوەندییەكانیان لەسەر حسابی خەڵكی عێراق، چەندین ساڵە، ئێران لە رێگەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران، بەشێوەیەكی خراپ سودیان لە عێراق وەرگرتوە، ئێران لە رێگەی فەیلەقی قودسەوە، سەقامگیری ناوچەكەی تێكداوە و هەنگاوەكانیشی بەو ئاراستەیەن خۆشگوزەرانی و ئاسایشی عێراقییەكان لاوازبكەن.

ئاماژەی بەوەشكردوە، بە مەبەسەتی پاراستنی عێراقییەكان لە كارگەرییە خراپەكانی فەیلەقی قودس، واشنتن بڕیاریدا بە سزادانی ئیرەج مەسجدی جەنەراڵی باڵای فەیلەقی قودس كە ئێستا باڵیۆزی ئێرانە لە عێراق. ناوبراو چەندین ساڵە یارمەتیدەری ئاراستەكردنی كارەكانی فەیلەقی قودس بوە لە عێراق و لە یارمەتیدانی گروپە میلیشیاكان و كارئاسانی بۆ مامەڵەی گەورەی دارایی بەشداریكردوە، ئەوەش لە رێگەی سودوەرگرتن لەو پێگە دیپلۆماسیەی هەیەتی لە عێراق.






خەندان
Top