فەرەنسا زیاتر لە 17 ملیۆن دۆلار هاوکاریی پرۆژەی پەرەپێدانی دهۆک دەکات
ئەمڕۆ یەکشەممە 11-10-2020، د،عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لەگەڵ ئولیڤی دیکیوتینی، کۆنسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
بەپێی راگەیێندراوێکی کۆبوونەوەکە، کۆنسوڵی فەرەنسا لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بەوەداوە، کە وەک دەستپێشخەری و هاوکاریی بۆ پارێزگای دهۆک 15 ملیۆن یۆرۆی بۆ پەرەپێدانی پرۆژەی خزمەتگوزاری جیاواز تەرخانکردووە، کە 500 هەزار کەس لە سنووری پارێزگاکە و 60 هەزار قوتابی لە کەرتی جۆراوجۆر سوود لەو هاوکارییە وەردەگرن.
ئەو هاوکارییەش بۆ پارێزگای دهۆک، بە گوتەی کۆنسوڵی فەرەنسا "لە چوارچێوەی سەردانی وەزیری دەرەوەی فەرەنسا دێت، کە لە ماوەی رابردوودا سەردانی هەرێمی کوردستانی کردبوو."
لەبەرامبەردا پارێزگاری دهۆک سوپاسی هەڵوێستی حکومەت و خەڵکی فەرەنسای کرد بۆ ئەو دەستپێشخەرییە و دەشڵێت "ئێمە ئەو هاوکارییە هەرگیز لەبیرناکەین" هیواشی خواست کە پرۆژەکە سەرکەوتوو بێت و لە ماوەیەکی نزیکدا بکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە.
ئەو هاوکارییە لە رێگەی ئاژانسی پەرەپێدانی فەرەنسی جێبەجێدەکرێت و لە رێگەی ئاژانسی ئەڵمانی لە ماوەی سێ مانگدا جێبەجێدەکرێت و چەندین پرۆژەی خزمەتگوزاری لە بواری جیاوازدا لە سنووری پارێزگای دهۆک ئەنجام دەدرێن
rudaw -
