ئەرمینیا و ئازەربایجان لەسەر ئاگربەست لە قەرەباغ رێككەوتن

 ئەرمینیا و ئازەربایجان لەسەر ئاگربەست لە قەرەباغ رێككەوتن
مۆسكۆ رایگەیاند، دوای 10 كاتژمێر لە گفتوگۆكردن، وەزیرانی دەرەوەی ئازەربایجان و ئەرمینیا لەسەر ئاگربەست لە قەرەباغ گەیشتنە رێككەوتن.

لە کاتژمێر 12:00ی نیوەڕۆی ئەمڕۆوە ئەو ڕێککەوتنە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە

وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا ڕایگەیاند، کە هەردولا لەسەر ئەوە ڕێککەوتون، لە کاتژمێر 12:00ی نیوەڕۆی ئەمڕۆوە ئەو ڕێککەوتنە بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە و سەرجەم هێزەكانیان شەڕ رابگرن.

وەزارەتی دەرەوە جەختی کردەوە کە " ئازەربایجان و ئەرمەنستان لە ڕێگەی نێوەندگیرکردنی هاوسەرۆکەکانی گروپی مینسک لە ڕێکخراوی ئاسایش و هاوکاری لەسەر بنەمای بنەما سەرەکییەکانی نیشتەجێبون، دەست بە دانوستانی بنەرەتی دەکەن بە ئامانجی گەیشتن بە ئاشتی لە زوترین کاتدا".

لایەنەکان جەختیان لە دەستپێکردنی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان و دەستگیرکراوانی دیکە و تەرمی ئەو کەسانە کردەوە کە کوژراون رێككەوتنەكەش لە قەرەباغەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بە ناوبژیوانی کۆمیتەی خاچی سوری نێودەوڵەتی.

لای خۆشیەوە سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕوسیا ڕایگەیاند"هەردو لایەنی ناکۆك لە قەرەباغ، لەسەر مەرجەکانی رێککەوتنەکە و بە وردی ڕێکدەکەون"

لە 27ی ئەیلول، شەڕوپێكدادان لە نێوان هەردو وڵاتی ئەرمینیا و ئازەربایجان لەسەر هەرێمی قەرەباغ دەستیپێكرد.








خەندان
Top