نۆبلی ئاشتیی 2020 و خەونی ترەمپ بۆ بردنەوەی خەڵاتەكە
لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی راگەیاندنی ناوی براوەی خەڵاتی نۆبلی ئاشتی بۆ ئەمساڵ، چەند ناوێک پێشنیاز کراون بۆ بردنەوەی ئەو خەڵاتە گرانبەهایە و دۆناڵد تڕەمپیش خەونی ئەوەیە ئەو خەڵاتە بباتەوە.
لیژنەی خەڵاتی نۆبلی ئاشتی لە نەرویج رایگەیاند، 317 ناو بۆ خەڵاتەکە پێشنیار کراون، 210یان کەسایەتی و 107شیان رێکخراوەکانن. ئەمەش چوارەم بەرزترین ژمارەیە، کە بۆ بردنەوەی خەڵاتەکە پێشنیاز کرابێ.
ئێستا ئەو پرسیارە دێتە پێشەوە، كە کێ شایانی وەرگرتنی ئەو خەڵاتەیە؟ بەتایبەتی کە پێوەرەکانی بەخشینی خەڵاتەکە لەلایەن لیژنەکە، مقۆمقۆی زۆری لە بۆنە و ناوەندەکاندا دروست کردووە.
رەنگە لەنێو ناوی پاڵێوراوان بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئەمساڵی نۆبلی ئاشتی، ناوی (دۆناڵد ترەمپ)، سەرۆکی ئەمەریکا هەبێ، کە راهاتووە تووڕەیی خۆی دەردەبڕێ و دەپرسێ، هۆکار چی بوو بە ئۆبامایان بەخشی، لەکاتێکدا شتی شایانی باسی نەکردبوو؟
ئەگەرچی ئەندام پەرلەمانێکی نەرویجی ناوی ترامپی بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبلی ئاشتی بۆ ئەمساڵ پاڵاوتووە، دووریش نییە بەهۆی رۆڵی گەورەیان لە واژۆکردنی رێککەوتننامەی ئاشتیی مێژوویی نێوان ئیسرائیل و وڵات و میرنشینە عەرەبییەکان، بباتەوە.
لەنێو پاڵێوراواندا ناوی چالاکوانی سویدی (گریتا سۆنبێرگ)ی تەمەن 17 ساڵ و نیو هەیە، رەنگە هۆکاری پشت پاڵاوتنیشی سەرباری تەمەنی بچووکی بۆ ئەوە بێ، کاری بەردەوامی بێ بۆ ئەوەی سیاسی و خاوەن بڕیارەکان چاوەکانیان لەئاست تەنگژەی کەشوهەوای جیهانیدا بکەنەوە.
سۆنبێرگ بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبلی ئاشتیی ساڵی 2019ش پاڵێورا بوو، بەڵام لەدوایین قۆناغدا، (ئەبی ئەحمەد)، سەرۆک وەزیرانی ئەسیوبی خەڵاتەکەی بردەوە، بەهۆی هەوڵەکانی لە چارەسەرکردنی ململانێی دوور و درێژیان لەگەڵ ئەرتیریای هاوسێی.
لەلایەکی دیکەوە، ئەندامان لە حزبی چەپی ئەڵمانی، هەریەکە لە ئەمەریکی (ئیدوارد سنودین)، بەهۆی دۆزینەوەی بەرنامەی چاودێریی فراوان لە ئەمەریکا و (جۆلیان ئاسانج) دامەزرێنەری پێگەی ویکلیکس و (چیلسا مانینج) توێژەری پێشووی زانیارییە هەواڵگرییەکان لەناو سوپای ئەمەریکا، کە لەگەڵ ئاسانج کاری کردووە بۆ دزەپێکردنی بەڵگەنامە نهێنییەکان لە ساڵی 2010، بۆ بردنەوەی خەڵاتەکەیان دەستنیشان کردوون.
لە دیارترین پاڵێوراوەکانیش بۆ بردنەوەی خەڵاتەکە بۆ ئەمساڵ، ناوی چالاکوانی سعوودی (لجین ئەلهەزلوول) هاتووە، کە بەر لە دوو ساڵ، بە تۆمەتی سیخوڕی و هەواڵگریی بۆ بەرژەوەندیی وڵاتانی بیانی و زیان گەیاندن بە ئاسایشی وڵات، لەگەڵ چەند چالاکوانێکی دیکە دەستگیر کران، بەڵام رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ جەختیان کردەوە، کە گرتنی هەزلوول و چالاکوانەکانی دیکە، بەهۆی چالاکییەکانیان بووە لە داوای ماف و باشکردنی دۆخی ئافرەت لە کۆمەڵگادا و وەرگرتنی تەواوی مافەکانیان و یەکسانییان لەگەڵ پیاودا.
لە سوودان، ناوی سمبولی شۆڕش (ئالا ساڵح) هەیە، کە بووەتە رەمزی ئەو خۆپیشاندانانەی بووە هۆی رووخانی رژێمی عومەر ئەلبەشیر، سەرۆکی پێشووی سوودان، کە نزیکەی 30 ساڵ فەرمانڕەوایی وڵاتی کرد.
(ئالا)ی قوتابیی زانکۆ پێشتر و دوای دوو رۆژ لە بڵاوبوونەوەی تۆمارێکی ڤیدیۆیی لە رێی ئینتەرنێتەوە، کە لەسەر ئۆتۆمبێلێکدا لەناو قەرەباڵغییەک لەدەرەوەی بارەگای گشتیی سوپا لە خەڕتووم وەستاوە، بە ئاژانسی (فرانس پرێس)ی راگەیاندووە، کە “ئافرەتی سوودانی هەردەم کارا بووە لەناو کۆمەڵگای سوودانیدا و گرنگیی بە کێشەکانی خۆی دەدا و داوای مافەکانی گەلەکەی و مافەکانی ئافرەتان دەکات”.
لە هەنگاوێکی رەمزیدا، (گەلی هۆنگ کۆنگ) بۆ بردنەوەی خەڵاتی نۆبلی ئەمساڵ پاڵێوراوە، جۆری میبلی، ئەندام پەرلەمانی نەرویجی دەڵێ: “گەلی هۆنگ کۆنگ تێدەکۆشن بۆ دەستەبەرکردنی مافە بنچینەییەکان، وەک ئازادیی بیروڕا و دیموکراسی و سەروەریی یاسا”.
کۆمەڵێک لە پەرلەمانتارە لیبرالییەکان لە نەرویج، پاڵپشتیی پێشنیازی ئەو ئەندام پەرلەمانەیان دەکەن، ئاماژەشیان بۆ ئەوە کردووە، کە بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان لەو هەرێمەی چیین هیچ سەرکردەیەکیان نییە، تێکڕای گفتوگۆ و بڕیارەکانیشیان لە رێی گفتوگۆی بەرفراون و گەورەوە لە ئینتەرنێتەوە دەدرێ.
هەندێک لە ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمەریکاش ئەو بزووتنەوەیەیان پاڵاوتووە، ئەویش لەپای شێلگیری و ئازایەتییان.
لەسەر ئاستی عەرەبیدا، چەند کەسایەتییەکی میسڕیی ئۆپۆزسیۆنی سەرۆک عەبدولفەتاح سیسی پاڵێوراون، بەڵام بە رای چاودێران، چانسی بردنەوەیان زۆر لاوازە، هەمان شت سەبارەت بە کەسایەتییە ئۆپۆزسیۆنەکانی جەزائیریش لەئارادایە.
جێی ئاماژەبۆکردنە، پاڵاوتن بۆ خەڵاتی نۆبل بۆ ئاشتی بە رووی ژمارەیەک لە مامۆستایانی زانکۆ و دادوەرە نێودەوڵەتییەکان و رێکخراوەکانی ماف و دەستە نێودەوڵەتییەکانیش کرابووەوە، بە مەرجی ئەوەی پابەند بن بە ماوەیەکی وەختەكیی دیارکراو، بەر لەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن دابخرێ. زۆر جاریش لیژنەی بەرپرس لە خەڵاتەکان، دیارترین بۆچوونەکان فەرامۆش ئەکات، بۆ ئەوەی بەر رێکخراوێک یان کەسایەتییەک بکەوێ، کە لە زەینی کەسدا نەبووە بیباتەوە.
باسنیوز
