بەشر ئەلخساونە بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی ئوردن راسپێردرا

بەشر ئەلخساونە بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی ئوردن راسپێردرا
مەلیک عەبدوڵای دووەم، پاشای ئوردن، رۆژی چوارشەمە (7/ 10/ 2020)، بەشر ئەلخساونەی راسپارد، لەجێی حکوومەتی ئەلرەزازی، کە رۆژی شەممەی رابردوو دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەش کرد، حکوومەتێکی نوێ پێک بهێنێ.

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی ئوردنی (بترا)، پادشای ئوردن فرمانێکی پادشایی دەرکردووە، بە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران لە رۆژی یەکشەمنە، دوای کۆتاییهاتنی ماوە دەستوورییەکەی. واتا راگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی ئوردن بەپێی بنەمای دەستووری، دەخوازێ حکوومەت لە ماوەی هەفتەیەکدا دەستلەکار بکێشێتەوە. ئەمەش رێگا خۆش دەکا بۆ ئەوەی لە مانگی تشرینی دووەمی داهاتوودا هەڵبژاردن بکرێ، لەکاتێکدا ماوەی دەستووریی ئەنجومەنی نوێنەران لە نیوەشەوی دووشەممە کۆتایی دێت.

دەستەی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە ئوردن لە 29ی تەمووز رای گەیاند، رۆژی 10ی تشرینی دووەمی داهاتوو، لەگەڵ کۆتاییهاتنی خولی ئێستای پەرلەمان، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنران دیار بکرێ.

ئەمڕۆ چوارشەممە 8/10/2020، مەلیک عەبدوڵای دووەم لە وتەیەکیدا، کە ئاراستەی بەشر ئەلخساونەی کرد، گوتی: “پێکهێنانی ئەم حکوومەتە لە دۆخێکی تایبەتدا دێت، کە جیهان لە چەندین دەیەی رابردوودا هاوشێوەی نەدیوە، کە خۆی لە دۆخی پەتای کۆرۆنادا دەبینێتەوە، کە سەرانسەری جیهانی گرتووەتەوە و تا ئێستاش وڵاتان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵیدا و بۆ کەمکردنی لێکەوتە تەندروستی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی تێدەکۆشن”.

گوتیشی: “سەبارەت بە خۆم، تەندروستیی هاووڵاتییان کاری یەکەم و هەرە لەپێشینەیە، بۆیە پێویستە حکوومەت بەردەوام بێ لە گرتنەبەری رێوشوێنەکان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پەتای کۆرۆنا، بەشێوەیەک، کە هاوسەنگی لەنێوان تەندروستی و کارکردنی کەرتەکانی ئابووری و پارێزگاریی لە بژیو و قووتی خەڵکدا بکات”.

پاشای ئوردن جەختی کردەوە: “ئەم دۆخە تایبەتە وا دەخوازێ، کە ئەوپەڕی هەوڵ بدرێ بۆ باشکردنی سیستەمی تەندروستی و بەرزکردنەوەی ئاست و تواناکانی”. رێنماییشی کرد، کە: “راستەوخۆ توانای وەرگرتنی نەخۆشخانەکان و چاودێریی چڕ لەسەر ئاستی مەملەکەتی ئوردندا و لە ماوەی ئەم چەند هەفتە کەمەی داهاتوودا بەرز بکرێتەوە”.

پێداگریشی کرد، کە دامەزراوە و سەنتەرەکان بۆ پشکنین تایبەت بکرێن و لە تێکڕای پارێزگاکانیش تاقیگەکان لەسەر بنەمای کوالێتی زیاتر و بەرفراوان بکرێن، بەخێراییش دەست بکرێ بە دروستکردنی سەنتەری نیشتمانیی بۆ پەتاکان و نەخۆشییە گوازراوەکان.








باسنيوز
Top