لە ساڵیادی لەدایکبوونی پۆتیندا رووسیا مووشەکێکی خێراتر لە دەنگی بەسەرکەوتوویی تاقی کردەوە
فەرماندەیەکی باڵای سەربازیی رووسیا، بە پۆتینی سەرۆكی ڕووسیای گوت، لە شەست و هەشتەمین ساڵڕۆژی لەدایکبوونتدا، ئەمڕۆ چوارشەمە (7/ 10/ 2020)، مووشەکی (تسیرکۆن)ـمان تاقی کردەوە، کە لە دەنگ خێراترە و بەسەرکەوتووییش نیشانەکەی لەناو دەریای بارنتسدا پێکا.
فالیری گاراسیمۆن، سەرۆک ئەرکانی گشتیی سوپا، لەپەوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ پۆتین گوتی، ئەم گورزە ئەزموونییەمان ئێوارەی دوێنێ لەسەر پشتی کەشتیی ئەدمیرال گۆرشکۆف لە دەریای سپی لە باکووری رووسیا هاوێشت.
پۆتین، کە بەڵێنی بەهێزکردنی بوونی سەربازیی رووسیای لە جەمسەری باکووردا دابوو، بە ئەرێنی باسی لەو مووشەکە کرد، کە خێراییەکەی پێش دەنگی کەوتووەتەوە، پێشتریش لە کاتی وتارێکیدا لە ئاداری ساڵی 2018، باسی لە نەوەی نوێی چەکی رووسیا کرد.
گاراسیمۆف گوتیشی: “ئەمە رووداوێکی گەورەیە، نەک هەر لە ژیانی هێزە چەکدارەکان، بەڵکوو بۆ تەواوی رووسیا بەگشتی”.
گاراسیمۆف ئاماژەی بەوەش كرد: “مووشەکەکە لەدووریی 450 کیلۆمەترەوە، بە چوار خولەک و نیو گەیشتووەتە نیشانەکە و پێکاوەیەتی، بەمەش خێراییەکەی گەیشتووەتە سەرووی خێرایی دەنگ”.
تاقیکردنەوەی مووشەکی تسیرکۆن لەکاتێکدا دێت، کە بەرهەمهێنانی چەک لەنێوان رووسیا و ئەمەریکا لە ئاستێکی مەترسیداردایە. رێککەوتننامەی (نیو ستارت) دوایین رێککەوتننامەی گەورەیە لەنێوان ئەو دوو زلهێزەدا تایبەت بە چەکی ئەتۆمی، کە وادەکەی لە شوباتی ساڵی داهاتوو کۆتایی دێت.
باسنيوز
