شێخ مشعەل ئەلسەباح لەلایەن میری کوەیتەوە وەک وەلی عەهد دیاری كرا
شێخ عەلی جەڕاح ئەلسەباح، وەزیری کاروباری دیوانی میری كوەیت رایگەیاند، كە لە لایەن میری كوەیتەوە، شێخ مشعەل ئەلئەحمەد ئەلجابر ئەلسەباح وەک وەلی عەهدی تازەی وڵاتەكە دیاری كرا.
ئەمڕۆ چوارشەمە (7/ 10/ 2020)، شێخ نەواف ئەلئەحمەد ئەلجابر ئەلسەباح، میری کوەیت، شێخ مشعەل ئەلسەباح، کە پۆستی جێگری سەرۆکی پاسەوانیی نیشتمانیی هەیە وەك وەلی عەهدی كوەیت دیاری كرد.
وەلی عەهدی نوێ، لە ساڵی 1940 لە شاری کوەیت لەدایک بووە، کۆلێژی (هندن)ی پۆلیسیی لە ئەمریكا لە ساڵی 1960ـدا تەواو کردووە. لە ناو وەزارەتی ناوەخۆدا چەندان پۆستی پێدراوە، تا بووە بە سەرۆکی گشتیی لێکۆڵینەوە لەنێوان ساڵانی 1967 تا 1980، پاشتر لە سەردەمی ئەودا گۆڕا و بوو بە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی وڵات.
نیسانی ساڵی 2014، شێخ مشعەل وەک جێگری سەرۆکی پاسەوانیی نیشتمانی بە پلەی وەزیر دامەزرا. پۆستی سەرۆکی شانازیی کۆمەڵەی فڕۆکەوانیی کوەیتی لە ساڵی 1973 وەرگرتووە، یەکێکیشە لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی کوەیتیی بێتەل و سەرۆکی شانازیشی بووە.
شێخ مشعەل حەوتەم کوڕی دەیەمین میری کوێت شێخ ئەحمەد ئەلجابر ئەلسەباحە، کە بەر لە سەربەخۆیی، لەنێوان 1921 تا 1950 فەرمانڕەوایەتیی کوەیتی کردووە، زڕبرای هەریەک لە میری ئێستای کوەیت شێخ نەواف ئەلئەحمەد ئەلسەباح و میری کۆچکردوو شێخ ئەلسەباح ئەلئەحمەد ئەلسەباحە.
باسنيوز
