HRW: سەدان هەزار نەخۆشی دەروونی لە جیهاندا زنجیر کراون
بەپێی راپۆرتێکی ئەو رێکخراوە، ئەو نەخۆشانە بەبێ هیچ پاڵپشتییەکی دەروونی یان چاودێرییەک لەکاتی نانخواردن، خەوتن، میزکردن و خۆپیسکردن لە شوێنێکی بچووکدا پشتگوێدەخرێن.
راپۆرتەکە بەبۆنەی نزیکبوونەوەی رۆژی جیهانیی نەخۆشانی دەروونییەوە بڵاوکراوەتەوە، چاوپێکەوتن لەگەڵ نزیکەی 800 کەس کراوە و باسی ئەو کەسانەیان کردووە کە کێشەی دەروونییان هەیە لە 60 وڵاتی جیهان. نەخۆش هەیە لە وڵاتەکانی چین، ئیندۆنیزیا، نەیجیریا و مەکسیک کە چەندین ساڵە بە درەختێکەوە بەستراوەتەوە یاخود خراوەتە نێو قەفەس، یان لە شوێنی ئاژەڵدا زیندان کراون.
وەزارەتی دەرەوەی چین و وەزارەتی تەندروستیی مەکسیک لەبارەی راپۆرتەکەوە لێدوانیان نەداوە، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی نەیجیریاش رایگەیاندووە، وەزیرەکانی وڵاتەکەی راپۆرتەکەیان نەبینیوە. ئامادە نەبووە هیچی دیکە بڵێت.
هاری حیکمەت، بەرپرسی باڵا لە وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتیی حکومەتی ئیندۆنیزیا رایگەیاند، لە ساڵی 2019وە زنجیرکردنی نەخۆشانی دەروونییان قەدەخە کردووە.
بەپێی راپۆرتەکەی رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ، خێزانی نەخۆشانی دەروونی لە ترسی هەڵاتنیان و زیانگەیاندن بە خۆیان و خەڵک، هەڵدەستن بە زنجیرکردنی خۆشەویستانیان.
هاووڵاتییەکی کینیا بەناوی پاوڵ، کە وەک خۆی دەڵێت پێنج ساڵە زنجیر کراوە، بە رێکخراوەکەی گوتووە، "لە ژوورێکی بچووکدا لەگەڵ حەوت پیاو دەمێنمەوە، رێگەم پێنادرێت پۆشاک بپۆشم جگە لە پۆشاکی ژێرەوە. بەیانیان شلەمەنی دەخۆم و ئەگەر بەختم هەبێت شەویش نان دەخۆم".
rudaw -
