چاوشئۆغڵوو: بەهەمانشێوەی سووریا و عێراق بەرگریی لە سەروەریی ئازەربایجان دەکەین
وەزیری دەرەوەی تورکیا گەیشتە ئازەربایجان، لەوێ رایگەیاند، تورکیا و ئازەربایجان "یەک گەلن". جەختیکردەوە لە پاڵپشتیکردنی وڵاتەکەی بۆ ئازەربایجان و دەڵێت "وەکو سووریا و عێراق سەرەوەریی خاکەکەی دەپارێزین".
مهولوود چاوشئۆغڵوو، وەزیری دەرەوەی تورکیا گەیشتە باکوی پایتەختی ئازەربایجان و لە فڕۆکەخانە لەلایەن جهیهوون بایرامۆڤ وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەوە پێشوازی لێکراو کۆبوونەوە، دواتریش لهگهڵ ئیلهام عهلیێڤ سهرۆكی ئهو وڵاته کۆبووەوە.
چاوشئۆغڵو کە لهگهڵ بهرپرسه باڵاكانی ئازهربایجان تاوتوێی دوایین پێشهاتهكانی شهڕ و پێكدادانهكانی ئازهربایجان و ئهرمینیا لهسهر ههرێمی ناگۆرنی قهرهباخ دهكات، پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ ئازەربایجان دووپاتکردەوە و رایگەیاند؛ "تورکیا چۆن بەرگری لە سەروەریی خاکی وڵاتانی جۆرجیا، ئۆکراینا، سووریا و عێراق دەکات، بەهەمانشێوە بەرگری لە سەروەریی خاکی ئازەربایجان دەکات".
وەزیری دەرەوەی تورکیا جارێکی دیکە و بەفەرمی پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ ئازەربایجان دووپاتکردەوەو دەڵێت "ئێمە لەگەڵ ئازەربایجان یەک گەلین، ئەگەر کاتی بێت پێکەوە جووڵە دەکەین، کە ئەمەمان دوێنێ نیشانداوە و ئەمڕۆش نیشانی دەدەین".
شەڕی ئەمجارەی ئازەربایجان و ئەرمینیا لەسەر قەرەباخ رۆژی 27ی مانگی رابردوو دەستیپێکرد و تائێستاش بەردەوامە. هەردوولاش دەڵێن لە شەڕەکەدا سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە.
بەرپرسانی ئەرمینیا دەڵێن، تاوەکو ئێستا نزیکەی 170 سەربازیان کوژراون و زیاتر لە 200 سەربازی دیکەشیان برینداربوون. بەرپرسانی ئازەربایجان ئاماری سەربازە کوژراو و بریندارەکانیان بڵاوناکەنەوە و دەڵێن، زیاتر لە 500 سەربازی ئەرمینیا کوژراون و 32 ئۆتۆمبێلی سەربازی، کۆگای چەک و درۆنیان تێکشکاندوون. بە گوتەی بەرپرسانی ئەرمینیاش 2300 سەربازی ئازەربایجانی کوژراون.
ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆکی ئازەربایجان، رایگەیاند ئەوان چوار مەرجیان بۆ راگرتنی شەڕەکە هەیە: "ساڵێک پێش ئێستا، سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا گوتی: قەرەباخ ئەرمینیایە. دەبێت لەو بارەوە داوای لێبووردن بکات. دووەم شت، دەبێت ئەو بڵێت قەرەباخ ئەرمینیا نییە. سێیەم، پێویستە رێز لە یەکپارچەیی خاکی ئازەربایجان بگرێت. چوارەم، دەبێت کاتی کشانەوەی هێزەکانی ئەرمینیا لە قەرەباخ دیاری بکات. دەبێت ئەو قسانەش لە لایەن گرووپی مینسکەوە پشتڕاست بکرێنەوە".
وەزیری دەرەوەی تورکیاش پێشتر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییدا لەگەڵ سکرتێری گشتیی رێکخراوی ناتۆ لە ئەنقەرە پاڵپشتی لە گوتەکانی سەرۆکی ئازەربایجان کرد. مەولوود چاوشئۆغڵوو،رایگەیاند: "هەموولایەک، لەوانەش ناتۆ، دەبێت داوا لە ئەرمینیا بکات بۆ ئەوەی لەو ناوچانە بکشێتەوە، ئەوەش بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان و بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان و لەسەر بنچینەی یەکپارچەیی خاک و سنووری ئازەربایجان".
rudaw -
