سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کرد

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کرد
ئەمڕۆ سێشەممە 2020/10/6 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە دەیڤد کۆپلی، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق کرد.

لە دیدارەکەدا کە ڕۆب واڵەر کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر بەشدار بوو، دۆخی عێراق و ناوچە و برەودان بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمریکا تاوتوێ کران.

جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق، ئامادەیی بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لە گەڵ هەرێمی کوردستان دەربڕی، بە تایبەتی لە بواری بازرگانی و هاندانی کۆمپانیاکانی ئەمریکا بۆ وەبەرهێنانی زیاتر لە هەرێمی کوردستان، کە بڕیارە لە مانگی داهاتوودا کۆنفرانسێکی بازرگانی بۆ ئەم مەبەستە ساز بکرێت و گوتیشی دەرفەتی زۆر بۆ وەبەرهێنەرانی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا هەیە.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە، کە یەکێک لە کارە لە پیشینەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەمەجۆرکردنی ئابووری و گرنگیدانی زیاترە بە کەرتی کشتوکاڵ و پاراستنی بەرووبوومی ناوخۆیی و پێشکەشکردنی ئاسانکارییە بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی و ناوخۆ.

مەسرور بارزانی جەختی لە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیداڵی کردەوە، کە فاکتەرێکی گرنگە بۆ سەقامگیربوونی دۆخی عێراق و ناوچەکە.





باسنیوز
Top