وەزیری دەرەوەی توركیا سەردانی ئازەربایجان دەکات

وەزیری دەرەوەی توركیا سەردانی ئازەربایجان دەکات


مەولوود چاوشئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی توركیا بەهۆی رەوشی سیاسی ئازەربایجان و جەنگی نێوان ئەو وڵاتە و ئەرمینیا، ئەمڕۆ سێشەممە سەردانی باکووی کردووە.

وەزارەتی دەرەوەی توركیا لە راگەیاندراوێكدا بڵاوی كردووەتەوە، ئەمڕۆ سێشەممە ٦ی١٠ی٢٠٢٠ مەولوود چاوشئۆغلۆ دەچێتە باكوی پایتەختی ئازەربێجان.

لە راگەیاندراوەكەدا هاتووە، وەزیری دەرەوەی تورکیا لەگەڵ هاوتا ئازەربایجانییەكەی كۆ دەبێتەوە و پاشان كۆبوونەوەیەك لەگەڵ ئیلهام عەلیۆف سەركۆماری ئازەربایجانیش کۆ دەبێتەوە.

هەر بە گوێرەی راگەیاندراوەكە كە میدیاكانی توركیا بڵاویان كردووەتەوە، هۆكاری سەردانەکەی چاوشئۆغلۆ پاڵپشتیكردنی توركیایە لە ئازەربایجان، هەروەها ئاگاداربوونە لە رەوشی ئەو وڵاتە، چونكە شەڕی ئازەربایجان و ئەرمینیا کە ماوەی ١٠ ڕۆژە لەسەر ناوچەی قەرەباخ دەستی پێ کردووە، تا دێت چڕتر دەبێتەوە.

بەپێی زانیاریی میدیاكانی توركیا، ڕەنگە ئێوارەی ئەمڕۆ لە پرێس کۆنفرانسێکدا مەولوود چاوشئۆغلۆ لە باكوو پرێس کۆنفرانسێک ساز بکات.

هەر لە سەرەتای شەڕی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان تورکیا و لەزاری ڕەجەب تەیب ئەردۆغانەوە ئاشکرای کرد کە ئەوان بە هەموو توانایانەوە پشتیوانیی ئازەربایجان دەکەن.

چەندین ڕاپۆرت و گرتە ڤیدیۆ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کراونەتەوە کە تورکیا میلیشیاکانی سوپای سووریای ئازادی بۆ جەنگ لەدژی ئەرمینیا ڕەوانەی ئازەربایجان کردووە، بەلام خودی تورکیا ئەو زانیارییانە ڕەت دەکاتەوە.





باسنيوز
Top